کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرارگای خاتەمولئەنبیا بە تەمایە فشار بخاتە سەر شیركەتە بیانییەكان

05:36 - 24 سەرماوەز 2715

پاسدار عیبادوڵڵا عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا گوتوویەتی ئەم ڕێكخراوە ئابوورییەی سپای پاسدارانی ئێران بەنیازە لە قۆناغی پاش گەمارۆكان هەموو توانای خۆی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بخاتە گەڕ تا پەرە بە گەڵاڵە ئابوورییەكان بدا بە تایبەت لە بەشەكانی نەوت‌و گاز و پێترۆشیمی‌دا. پاسدار عەبدوڵڵاهی، قەرارگای خاتەمولئەنبیای بە یەكێك لە گەورەترین ڕێكخراوە ئابوورییەكانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زانیوە كە دەورێكی گرینگی لە پڕۆژە ئابوورییە گەورەكان‌دا هەیە. ناوبراو دەڵێ كە قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا زیاتر لە 2 هەزار پرۆژەی میللی‌و ئوستانیی بە ئەنجام گەیاندوە. بە قسەی ئەم پاسدارە لە حاڵی حازردا قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئەركی جێبەجێ كردنی زیاتر لە ١٥٠ پرۆژەی گەورەی ئابووری لە بوارەكانی دامەزراندنی پاڵاوگەكان، پێترۆشیمییەكان، بەنداوە گەورەكان، هێڵەكانی گواستنەوەی نەوت و گاز، بەندەرەكان، گەورە ڕێیەكان، جادەكان ‌ ئاسنەڕێیەكانی لە ئەستۆیە و هەروەها توانیویەتی فازەكانی ١٥و ١٦ی مەیدانی هاوبەشی گازی پارسی باشوور بە ئەنجام بگەیەنێ. عەبدوڵڵاهی ڕایگەیاندوە ئەوانەی لە قەرارگای خاتەمولەئنبیادا کار دەکەن زیاتر لە ١٥٠ هەزار كەسن‌و ئەم قەرارگایە بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەكانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی هیچ پێویستییەكی بە شیركەتە بیانییەكان نییە. ناوبراو پێداگری كردووە كە ئەم قەرارگایە بە تەمایە لە نێوخۆی ئێراندا مەیدانی چالاكیی ئابووریی لە خاوەنكاران‌و شیركەتە بیانییەكان بەرتەسك بكاتەوە. لەم دواییانەدا ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەركی جێبەجێ كردنی ئەم شتەی كە بۆخۆی ناوی "ئابووریی خۆڕاگری" لەسەر داناوە لە دەوڵەتی یازدەیەم ئەستاندەوە، تا بوار بۆ دەستێوەردانی هەرچی زیاتری شیركەتە ئابوورییەكانی سپای پاسداران لە جێبەجێ كردنی گەڵاڵە ئابوورییەكان بە تایبەت پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان خۆش بكا.