کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی گەندەڵیی ئێران لە سەدی ٧٧ی وڵاتانی جیهان زیاترە

05:41 - 24 سەرماوەز 2715

فەرشاد مۆئمێنی ئابووریناس دەڵێ: پلەی جیهانیی ئێران لە بواری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گەندەڵی هیچ باش نییەو ئاستی گەندەڵیی ئێران لە سەدی ٧٧ی وڵاتانی جیهان زیاترە. مۆئمێنی بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاندوە کە لە ساڵی ١٣٥٥ەوە كە دەوڵەت بڕیاری داوە بە شێوەی سیستماتیك لەگەڵ گەندەڵی بەربەرەكانی بكا، ساڵ بە ساڵ ژمارەی داودەزگا بەرپرسیارەكانی ئەم مەسەلە زیاتر بوون، بەڵام ئامارەكان نیشانی دەدەن كە هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم ڕێكخراوانە، ئاستی گەندەڵیش زیادی کردوە بەقسەی ئەم ئابووریناسە، پێویستە دەوڵەت‌و كەرتی تایبەت لە بواری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گەندەڵی بیروڕایەكی هاوبەشیان هەبێ، ئەگینا ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گەندەڵی جگە لە بەفیڕۆدانی كات چی دیكە نییە‌و هیچی لێ شین نابێتەوە. ڕێكخراوی شەففافییەتی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی زایینیدا ڕایگەیاندبوو كە ئێران لە پێوەری جیهانیی هەست كردن بە گەندەڵی‌دا، لەنێو ١٧٥ وڵاتی جیهان پلەی ١٣٦ی پی بڕاوە. لەم لیستەدا وڵاتانی جیهان لە بوارەكانی "گەندەڵی، بەرتیل خۆری، كڕین و فرۆشتنی پۆستە دەوڵەتییەكان، وەرگرتنی بەرتیل لە لایەن دەزگای قەزایی، گەندەڵیی ماڵی لە نێوان سیاسەتمەداران و كاربەدەستانی دەوڵەتی و نەبوونی توانای پێویست بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە یان ناكارمە بوون لە بواری بەربەرەكانیی لەگەڵ مادەی هۆشبەر" هەڵدەسەنگێندرێن‌و پلەبەندی دەكرێن. چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەم بڕوایەن كە "گەندەڵیی سیستماتیك" لە ئێران هەموو ناوەندو ئیدارەكانی ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە.