کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرجی ڕووسیە بۆ پێدانی قه‌ڵغانی موشه‌کیی ئێس ٣٠٠ بە ئێران

06:58 - 28 سەرماوەز 2715

موسكۆ پێداگری كردوه‌ كە مەرجی ڕووسیە بۆ ڕادەست‌كردنی قەڵغانی مووشەكیی ئێس ٣٠٠ بە ئێران ئەوەیە كە تاران لە سكاڵاكەی خۆی لەلای دادگای نێودەوڵەتی پاشگەز بێتەوە. دێمیتری ڕاگوزین، جێگری سەرۆك وەزیری ڕووسیە گوتی بەپێی گرێبەستی نوێی نێوان مۆسكۆو تاران، ڕووسیە لە داهاتوویەكی نزیك‌دا قەڵغانی مووشەكیی ئێس ٣٠٠ بۆ ئێران دەنێرێ. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند بەڵام ئێمە بۆ جێبەجێ‌كردنی ئەم گرێبەستە مەرجێكمان هەیە، ئەویش ئەوەیە كە دەبێ ئێران بێ ئەملاولا چاوپۆشی لە داواكاریی خۆی لە دادگای نێودەوڵەتی به‌ دژی ڕووسیه‌ بكا. قسەكانی ئەم كاربەدەستەی ڕووسیە لە حاڵێك دایە كە دوو حه‌وتوو له‌مه‌وبه‌ر وێلادیمیر كوژین، جێگری سەركۆماری ڕووسیە بۆ كاروباری نیزامی، باسی لە دەسپێكی ڕەوتی ڕادەست كرانی قەڵغانی دژە هەوایی ئێس ٣٠٠ بە ئێران كردبوو. بەڵام ئێستا لە قسەكانی دێمیتری ڕاگوزین دەردەكەوێ كە ئێستاش كاتی ناردنی ئەم قەڵانە مووشەكییە بۆ ئێران دیاری نه‌کراوه‌. ڕاگوزین تەنیا گوتوویەتی كە ئێران و ڕووسیە، هەردووكیان باش دەزانن كە تا ئێران پەروەندەی خۆی لە لای دادگای نێودەوڵەتی دانەخاو واز لە شكایەتەكەی نەهێنێ، ئەم ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ ناكرێ. ئێران لە دادگای نێوده‌وڵه‌تی داوای ٤ میلیارد دۆلار جەریمەی لە ڕووسیە كردوە.