کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌سندکرانی بڕیارنامەی كۆڕی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بابەت پێشێل‌كرانی مافەكانی مرۆڤ لە لایەن ئێرانەوە

07:01 - 28 سەرماوەز 2715

كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بڕیارنامەیەكدا كە ٨١ وڵاتی جیهان ده‌نگی به‌ڵێ‌یان بۆ دا، نیگه‌رانیی خۆی لە بابەت خراپ‌بوونی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە. لە ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیەدا كە كانادا ئامادەی كردبوو، باس له‌ بەداخ‌بوونی خۆیان له‌ بەرز بوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەكان لە ئێران کراوه‌. وڵاتی كانادا هەروەها ڕەخنەی لە سەركوت‌و فشارهێنان بۆ سەر جیابیران‌و ڕۆژنامەنووسان گرتووە. ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە لە كۆبوونەوەی ٢٦ی سەرماوەزی كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌دا، ٨١ وڵات دەنگی بەڵێ‌یان بەم بڕیارنامەیە داوە، ٣٧ وڵات بەدژی بوون‌و ٦٧ وڵاتی دیكەش بێ لایەن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. هەواڵدەریی فەرانسەش ڕایگەیاندووە که‌ ژماره‌ی ئەم كەسانەی كە لە ماوەی ئەمساڵی زایینی‌دا له‌ ئێران ئێعدام كراون، پتر له‌ ٨٠٠ كەس بوون. چالاکانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن که‌ ئەم ڕەخنە توندانەی ئێستا لە بابەت ڕێژەی ئێعدامەكان لە ئێران دەگیردرێ، دیاردەیەكی نوێ نییە، بەڵكوو ئەم وڵاتە دەمێكە پاش چین لەم بوارەوە لە پلەی دووهەم‌دا جێی گرتووەو ناڕەزایەتیی دەربڕینی بەردەوامی كۆمەڵگای جیهانی لە بابەت پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لە سەر شێوەی كاركردی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی دانەناوە؛ چونکی هه‌ر به‌پێی ڕاپۆرتە ڕه‌سمی‌یه‌کان ڕۆژانە لە ئێران 3 كەس ئێعدام دەكرێن. لە نێو ئەم وڵاتانەدا كە دژایەتییان لەگەڵ بڕیارنامەی كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، لە سەرووی هەمووان وڵاتانی ڕووسیە، چین‌و سووریە و لە هەمان كاتیش‌دا وڵاتانێكی وەك عێراق، هیند، ئەندۆنێزی و لوبنانیش بەدی دەكرێن.