کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ژماره‌ی كوژراوه‌کانی سپای پاسداران‌و حیزبۆڵڵای لوبنان لە سووریە

07:09 - 28 سەرماوەز 2715

سایتەكانی سەربە حیزبۆڵڵای لوبنان دەنووسن فەرماندەیەكی پلەبەرزی ئەم ڕێكخراوە تێرۆریستییه‌ بە ناوی مستەفا بێسام شێخ لە شەڕی نێوخۆیی سووریەداو لە دەورووبەری باشووری حەلەب كوژراوه‌. ڕاگەیەنەكانی ڕێژیمی ئێرانیش ڕایانگەیاندوه‌ كە 6 كەسی دیکه‌ش لە ئەندامانی سپای پاسداران هەر لەم شەڕەدا كوژراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە كوژراوه‌کانی حیزبۆڵڵا لە سووریە ڕۆژانە زیاد ده‌که‌ن‌و تەنیا لە ماوەی 2 ڕۆژی ڕابردوودا ١٣ كەسیان لە دەورووبەری باشووری حەلەب كوژراون‌و زۆربوونی كوژرانی ئەندامانی حیزبۆڵڵا لەم ماوەیەدا، ناڕەزایەتیی لە نێو ئەم ڕێكخراوەیه‌دا لێكەوتۆتەوە، بە شێوەیەك كە هێندێك لە شێخەكانی ئەم گرووپە داوایان كردوە دەستێوەردان لە كاروباری سووریە تا ئێستا ئاكامی خراپی بووە. هاوكات كوژرانی ئەندامانی سپای پاسدارانیش بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی کردوه‌. به‌پێی دوایین هه‌واڵ‌و زانیارییه‌کان٦ پاسداری دیکه‌ش لە تێكهەڵچوونەكانی دەورووبەری باشووری حەلەب كوژراون، بەم شێوەیە ئاماری كوژراوه‌کانی ڕێژیمی ئێران پاش دەستێوەردانی ڕووسیە لە وڵاتی سووریە تا ئێستا ٦٢ كەس ڕاگەیەندراوە كە لە نێو ئه‌وان‌دا سەرلەشكەرێك‌و ١٠ فەرماندەی نیزامیی پایه‌به‌رز به‌رچاو ده‌که‌وێ. لە لایەكی دیكەوە سەرەڕای هەوڵی فراوانی حیزبۆڵڵای لوبنان بۆ شاردنەوەی كوژراوه‌کانی خۆیان لە شەڕی سووریە، دوایین جار ئامارەكان ئەمەیان دەرخستوه‌ كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٢ و لە سەر بڕیاری حەسەن نەسرۆڵڵا که‌ هێزەكانی ئەم گرووپە بۆ سووریە نێردران، ژماره‌ی كوژراوه‌کانیان لە هەزار كەس تێپەڕیوە. بەپێی دانپێدانانی ڕاگەیەنەكانی نزیك بە ڕێژیمی ئێرانیش تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ پاسدار كوژراون.