لە کۆبوونەوەی ئاشکرای مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێراندا، بۆ جارێکی دیکە لایەحەی بنیاتنانی چەندین ناوچەی تیجاری لە سنوورەکانی نێوان ئێرانو وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە ڕەت کرایەوە.
لەو کۆبوونەوەیە دا کە ڕۆژی یەکشەممە بەبەشداریی زۆربەی ئەندامانی مەجلیسی ئێران پێک هات، بابەتی بنیاتنانی چەندین ناوچەی ئازادی بازرگانیو پیشەسازی لە مێهران، بانەو مەریوان لە کوردستانو چەند ناوچەیەکی دیکە لە ئێران کەوتە ڕۆژەڤی کاری مەجلیسەوە ؛بەڵام بە هۆی نەهێنانەوەی دەنگی تەواو، لە دەستووری کاری مەجلیس وەلانرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەحمەد تەوەکولی نوێنەری تارانو حەسەن کامران بە دژایەتیی پێشنیارەکە قسەیان کردو پێیان وابوو کە ئەو ناوچە بازرگانییانە چەندین ساڵە لەو سنوورانە هەن، بەڵام هیچ قازانجێکیان بۆ خوڵقاندنی هەلی کار بە خەڵکی ناوچەکە نەگەیاندوە. لە بەرامبەردا عومران عەلی محەمەدی، نوێنەری ئیلام بۆ پەسندکردنی بڕیارەکە قسەی کردو گوتی: کردنەوەی ئەو ناوچە بارزگانیو پێشەسازییانە سوودێکی گەرە بە ناوچەیە دەگەیەننو خەڵکی زۆر لە لەشكری بێکارانی ئەو ناوچانە لە خۆیان کۆدەکەنەوە. هاوکات ئەکبەر تورکان، سەرۆکی شۆڕای بەرزی ناوچە ئازادەکانی ئێرانو نوێنەری کومسیۆنی ئابووریی مەجلیسیش، پشتگیری خۆی بۆ کردنەوەی ئەو ناوچانە دەربڕی.
بەڵام پاش ئەو مشتو مڕە لە نێو نوێنەرانی مەجلیسدا، محەمەد رەزا باهونەر کە سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەی لە ئەستۆ بوو، داوای کرد کرد کە بابەتەکە بخرێتە دەنگدانەوەو پاش دەنگدانی نوێنەران، بە هۆی ئەوە لایەحەکە دەنگی تەواوی بە دەست نەهێنا، لە بەرنامەی کاری مەجلیس چووە دەر.