کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحكووم‌كرانی ئێران لە لایەن پارلمانی ئیسپانیاوە سەبارەت بە پێشێل‌كردنی مافی مرۆڤ

15:24 - 30 سەرماوەز 2715

٣٥ نوێنەری پارلمانی ئیسپانیاو كۆمەڵێك لە ئەندامانی مەجلیسی سەنای ئەم وڵاتە لە بەیاننامەیەكی هاوبەش‌دا، بەهۆی پێشێل ‌ردنی مافەكانی مرۆڤ لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و زۆر بوونی ڕێژەی ئێعدامەكان، ئەم ڕێژیمەیان مەحكووم كرد. نوێنەران‌و ئەندامانی مەجلیسی سەنای ئیسپانیا داوایان لە یەكیەتیی ئورووپا كردووە تا ئەم كەس‌و لایەنانە بە كۆمەڵگای جیهانی بناسێنن كە لە ئێران‌دا بە شێوەی ڕاستەوخۆ مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكەن‌و درێژە بە ڕەوتی بێ پسانەوەی ئێعدامەكان دەدەن. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە لە حاڵێك‌دا كە یەكیەتییی ئورووپا‌و زلهێزە جیهانی‌یەكان بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە بابەت پەروەندەی ئەتۆمیی ئێرانەوە دانووستانیان لەگەڵ كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی كرد، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی ڕووحانی لەو ماوەیەدا لە ئێعدام كردنی خەڵكی ئەم وڵاتە شل نەبۆتەوەو لەم ماوەیەدا ٧٠٠ كەسی ئێعدام كردوە. نوێنەرانی ئیسپانیا لە بەیاننامەكەی خۆیان‌دا وێڕای ئاماژە بە مەسەلەی ئەسید پڕژاندن بەسەر دەم‌وچاوی ژنان‌دا و سەركوت كردنی چالاكانی حقووقی‌و مەدەنی، سەبارەت بە چاوپۆشی كردنی یەكیەتیی ئورووپا لەم هەمووە ستەمە‌و نەبوونی هیچ چەشنە كاردانەوەیەك ڕەخنەیان لێ گرتووەو بەداخ بوونی خۆیان دەربڕیوە. نوێنەرانی پارلمانی ئیسپانیا لە كۆتایی بەیاننامەكەی خۆیان‌دا داوایان لە فێدێریكا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا كردووە كە زۆر ڕاشكاوانە كۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێل‌كردنی مافەكانی مرۆڤ مەحكووم بكاو داوا لە ئێران بكا كە كۆتایی بەم ئێعدام كردن‌و جینایەتەکاتەکانی بێنێ‌و بەرپرسانی ئێعدامەكانی پێشووش ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی بكەن.