نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئێران ڕوو لە زیاد بوونە. وەزیری بێهداشتی كۆماری ئیسلامی لەم بارەوە دەڵێ لە دەیەكانی داهاتوودا ڕێژەی ئەم كەسانەی کە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن لەوەش زیاتر دەبێ.
وەزیری بێهداشت باس لە دامەزراندنی ٢٠٠ ناوەندی شیمی دەرمانی لە ئێران كردوەو دەڵێ ئەم وڵاتە لە بواری بوونی ناوەندە دەرمانییەكانەوە لەگەڵ كێشەیەكی زۆر بەرەوڕوویە. هەر بۆیەش بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریو لایەنە نیزامییە دەوڵەمەندکانی دیکەی ئێران ئەو کەمایەسییە پڕ دەکەنەوە.
هاشمی لە بابەت ڕێككەوتنامەی وەزارەتی بێهداشتو وەزارەتی بەرگریی لە بواری دامەزراندنی ناوەندە گشتییەكانی شێرپەنجە گوتی: بۆ دامەزراندنی ئەم ناوەندە دەرمانییانە، یەكێك لە شیركەتە ژێركۆماكانی وەزارەتی بەرگری تێچووەکە وە ئەستۆ دەگرێ کە نزیكەی ١٠٠٠ میلیارد تمەنە.
حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی كۆماری ئیسلامیش باسی لە هاوكاریی كردنی ئەم وەزارەتخانەیە لەگەڵ وەزارەتی بێهداشت بۆ دامەزراندنو پۆشتە كردنی ناوەندە گشتییەكانی دەرمانی سەرەتان لە ئێران كردوە.
دێهقان وێڕای ئاماژە بە دامەزراندنی ناوەندە دەرمانییەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە گوتوویەتی وەزارەتی بەرگری بە شوێن كار و كاسبی كردندا نیە، بەڵام وەك بۆخۆی دەڵێ دەیەوێ لە بوارە كۆمەڵایەتییەكاندا هاوكاری بكا.
شایانی باسە ناوەندە نیزامیو ئەمنیەتییەکانی ئێران وەک سپای پاسدارانو ئەڕتەش جیا لەوەی نیزیک بە تەواوی ئابووریی ئێرانیان بە دەستەوە گرتوە، ئێستا هاتوون لە بەشی دەرمانو سڵامەتی کۆمەڵگاشدا سەرمایە دادەنێنو دەیانەوێ ئەو بەشەش قۆرغ بکەن.