کاربەدەستێکی ئیدارەی بێهزیستی دەڵێ لە بەرامبەر هەر ٥ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی هەمیشەیی لە ئێران ژیانێکی هاوبەشی کاتی پێک دێ.
شیرین ئەحمەدنیا، بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری پێشگرتن بە زیانە کۆمەڵایەتییەکان وێرای ئاماژە بە گۆڕان لە پێکهاتەو ڕەفتاری بنەماڵەکان لە ئێران، باس لە تۆمارکردنی دوو حاڵەتی ژیانی هاوبەشی کاتی لە بەرامبەر حاڵەتی١٠ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی هەمیشەیی دەکا.
پێکهێنانی ژیانێکی هاوبەشی کاتی یان "سیغە" لە ئێراندا مشتومڕی زۆری لێکەوتۆتەوە.
حکومەتی ئێران لە ڕواڵەتدا بە توندی دژی پێوەندیی جینسیی ئازاد لە نێوان ژنانو پیاواندا دەکا، بەڵام هاوکات هێندێک لە کاربەدەستانی مەزهەبی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژنو پیاو بۆ دامرکاندی غەریزەی جینسییان ژیانی هاوبەشی کاتی پێک بێنن.
لە لایەکی دیکەوە هێندێک لە چالاکانی مافی ژنان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە لە ژیانی هاوبەشیی کاتیدا، مافەکانی ژنان دابین نابنو ئەو پێوەندییە لە بەرژەوەندیی پیاون دایە.
ئەم کاربەدەستەی ئیدارەی بێهزیستی وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی حەشیمەتی سەڵتەکان لە ئێران گوتی، دروستبوونی جۆرە بنەماڵەیەک کە هیچ پێوەندییەکی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێرانییەکانەوە نییە لە ئێستادا سەری هەڵداوەو ئەویش پێکەوەژیان لە ژێر یەک میچ لە نێوان ژنو پیاوە بەبێ ئەوەی مارەیییەک لە گۆرێدا بێ، یان پێکەوەژیانەکەیان لایەنی قانوونیی هەبێ. هەروەها دا بەکرێگرتنی خانووی سەربەخۆ بۆ ژنی دووهەم بە تایبەت لە شاری تاران زیادی کردوە.
ناوبراو هەروەها دەڵێ نێونجیی تەمەنی یەکەمین ژیانی هاوبەش لە ئێراندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ژنان لە ساڵی ١٣٣٥، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا ژیانی هاوبەشیان پێک دێنا بەڵام ئەم تەمەنە لە ساڵی ١٣٩٠ بۆ ٢٤ هەڵکشاوە. هەروەها ٤٠ ساڵ لەوەپێش، پیاوان لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا ژیانی هاوبەشیان پێک دێنا بەڵام ئێستا بە شێوەی مامناوەند لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بۆیان دەگونجێ.