کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژبەرانی سووری دوو پاسداری ئێران‌یان لە سووریە‌ دەسبەسەر کرد

15:48 - 1 بەفرانبار 2715

دوو پاسداری ئێران لە سووریە بەدیل گیران. ڕۆژی دووشەممە ماڵپەڕێکی عەرەبی، هەواڵی گیرانی دوو کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لە دەوروبەری شاری حەلەب لە لایەن گرووپێکی چەکداری نەیاری حکۆمەتی سوریەوە ئاشكرا کرد. بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی " عەرەبی ٢١"، گرووپێکی چەکداری دژ بە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە ناوی گوردانی شام، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ سەرماوەز وێنەی دوو کەسیان بڵاو کردەوە کە بە قسەی ئەوان ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن‌و لە شارۆچکەی خان تومان،ی، نزیک لە شاری حەلەب دەستبەسەر کراون. ئەو گرووپە ناوی و ناسنامەی گیراوەکانیان ئاشكرا نەکردوە، بەڵام ئیدعای ئەوە دەکەن کە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان چەکدارانی ئەو گرووپە ئیسلامی‌یەو هێزەکانی ڕژیمی بەشار ئەسەددا ئەو دوو پاسدارە ئێرانییە دەستبەسەر کراون. هەرچەندە ڕژیمی ئێران بەردەوام حاشای ئەوەی کردوە کە هیچ هێزێکی چەکداری سپای پاسداران لە سوریە بن‌و لە شەڕ دا بەشدار بن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دا جگە کە کوژران‌و بریندار بوونی دەیان کەس لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سپا، دەیان کەسی دیکەش لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی نەیاری حکوومەتی ناوەندی‌یەوە دەستبەسەر و بێ سەروشوێن کراون.