کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری فەرماندەی سپا: هێزەکانمان لە سوریە کەم نەکردووەتەوە

15:52 - 2 بەفرانبار 2715

هەرچەندە ڕۆژ نیە هەواڵی کوژران‌و بە دیل گیرانی چەندین پاسدار و سەربازی ئێرانی لە سوریە بڵاو نەبێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامی سوورن لە سەر پشتیوانی بێ ئەملاولای بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و دەیانەوێ تا کاتی ڕووخانی ئەو حکومەتە لەرزۆکە لەو وڵاتە بمێننەوە. دوای ئەوەی کە لە چەندین هەواڵدەری گەورەی جیهان‌و یەک لەوان تەلەفزیۆنی بلۆمبێرگەوە هەواڵی پاشەکشەی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە سوریە بڵاو کرایەوە، حوسێن ئیسلامیی جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ١ی بەفرانبار لە وتووێژێک دا لەگەڵ هەواڵدەری "فارس"ی ئێرانی حاشای لە هەموو ئەو هەواڵانە کرد کە لە پێوەندی لەگەڵ کێشانەوە یان کەم‌کردنەوەی هێزە نیزامی‌یەکانی ئێران لە سوریە دەکرێن. ئەو گوتی باس کردن لە کەم و زیادکردنی ڕاوێژکارە نیزامی‌یەکانی ئێران لە سوریە باسێکی کاتییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە نیازی ئەو کارە نین و ئەوە هیچ پەیوەندی بەو ڕێکارانەوە نیە کە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان گرتوومانەتە بەر. پێویست بە ئاماژەیە کە هەواڵدەری نێودەوڵەتی بلومبێرگ لە زمانی کاربەدەستێکی سەربازی ڕووسیەوە بڵاو کردەوە کە ئێران هیزەکانی خۆی لە ٧ هەزار کەسەوە بۆ ٧ سەد کەس کەم کردووەتەوە و ئەوەش بووتە هۆی نیگەرانی حکومەتەکانی سوریە و ڕوسیە، چونکی پێشتر ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێران‌و ڕووسیە دا سەبارەت بە بوونی هیزێکی گەورە و تایبەتی ئێران لە سوریە واژوو کرابوو. چاوەدێرانی سیاسی لەو بڕوایە دان کە کێشانەوەی ئەو هێزانە لە لایەن ئێرانەوە، لەوانەیە درز بخاتە نێوان ڕووسیە و ئەو وڵاتەوە.