کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی پاپۆڕێكی ئێرانیی هەڵگری مادەی هۆشبەر لە ئیمارات

16:04 - 2 بەفرانبار 2715

ڕۆژی سێشەممە ١ی بەفرانبار، ئیمارەتە یەكگرتووە عەڕەبی‌یەكان باسی لە ڕاگرتنی پاپۆڕێكی ئێرانی كرد كە پایۆڕەوانەكەی وێڕای دوو هاووڵاتیی ئێرانی هەوڵیان داوە بەم پاپۆڕە ڕێژەیەكی زۆر مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی بەندەری خالید لە ئیمارات‌و شارقە بە قاچاغ بێننە نێو ئەم وڵاتە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "وام"ی ئیمارات، لەم عەمەلیاتەدا دەستبەسەر ١٢ كیلۆ حەشیش‌و ١٤٢ هەزار و ٧٢٥ حەبی هۆشبەردا گیراوە كە لە نێو پاپۆڕەكەدا شاردرابوونەوە. مەئموورەكانی ئیمارات هەروەها ١٠ كەسی دیكەشیان دەستبەسەر كردووە، لە نێو ئەم ١٠ كەسەدا ٢ كەس ویستبوویان لە ڕێگەی قاچاغەوە بچنە ئەم وڵاتە و لە ترسی پۆلیس خۆیان لە ئەنباری پاپۆڕەكەدا شاردبۆوە و بەهۆی نەبوونی هەوا و ئۆكسیژێنی پێویست گیانیان كەوتبووە مەترسی‌یەوە. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە، پاش لێكۆڵینەوە لە گەمییەوان و پێرسۆنێلی ئەم پایۆڕە، تاوانباران دانیان بەمە دانا كە ئەم مادە هۆشبەرانە هی بازرگانێكی ئێرانی بووەو ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەوانەوە بە دەستی كۆمەڵێك قاچاغچی و فرۆشیاری مادەی هۆشبەری بنێرێ كە لە وڵاتی ئیمارات خەریكی كرێن و فرۆشتنی ئەم مادانەن.