کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دی‌مستۆرا بەنیازە لە به‌فرانباره‌وه‌ بە وتووێژی ئاشتی بۆ سووریه بکا‌

20:43 - 2 بەفرانبار 2715

کاربەدەسـتێـکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ستافان دی‌مستۆرا، نێردراوی نێودەوڵەتی بۆ قەیرانی سووریه‌ بە نیازە لە کۆتایی‌یه‌کانی مانگی به‌فرانباره‌وه‌ وتووێژی ئاشتی بۆ سووریه‌ لە ژنێڤ دەسـت پـێ‌بکاته‌وه‌. مایکڵ مۆلەر، بەڕێوەبەری نووسینگه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ له‌ پرێس کۆنفڕانسێک‌دا گوتی دی‌مستۆرا ده‌یه‌وێ هەتا کۆتایی‌یه‌کانی مانگی به‌فرانبار یەک لایەنە بەشداربووەکانی بۆ ڕوون بـبێتەوە تا دوای ئه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌ست بە وتووێژەکان بکرێ. کاربەدەسـتانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئامانج لە وتووێژەکان پـێکهێنانی حکومەتێـکی بڕواپـێکراوە لە سووریه‌ کە کەس پـشـتگوێ نەخا‌و هه‌موو پێکهاته‌کان خۆی تێدا ببیننه‌وه‌. جێی ئاماژەیە شووڕای ئه‌منیه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بڕیارێـکی پەسەندکرد کە پشـتگیری لە نەخشە ڕێگەیەک دەکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریه‌، ئەمەش بۆ یەکەم جارە که‌ دوای نزیکەی پـێنج ساڵ لە شەڕی نێوخۆ و کوژرانی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس، زلهێزه‌کانی جیهان لەسەر بڕیارێـک بۆ کۆتایی‌هێنان بە قەیرانی سووریه‌ ڕێک‌دەکەون. بڕیارەکە داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سووریه‌ دەکاو دروستبوونی وتووێژ لە نێوان حکومەتی سووریه‌و ئۆپـۆزسیۆن‌و پاشان پێـکهێنانی حکومەتێـکی هاوبەش‌و بە دوای‌دا لە ماوەی دوو سـاڵ‌دا هەڵبژاردنێکی گشتی‌و نیشتیمانی به‌ڕێوه‌بچێ.