کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یۆنێسکۆ داوای ئێرانی بۆ بە فەرمی ناسینی زمانی فارسی ڕەت کردەوە

14:31 - 3 بەفرانبار 2715

ڕێکخراوی زانیاری‌و کلتووری‌و ڕاهێنانی نێودەوڵەتی " یونێسکۆ" پێشنیاری ئێرانی بۆ ناساندنی زمانی فارسی وەک هەشتەمین زمانی نێونەتەوەیی جیهان ڕەت کردەوە. سەید محەمەد رەزا دەربەندی، جێگری لێپرسراوی بنیاتی نێودەوڵەتی " سەعدی"، ماوەیەک لەمەوبەر باسی لەوە کردبوو کە لە دوایین سەردانی "ئیرینا بوکووا"، سەرۆکی یۆنێسکۆ بۆ ئێران، ئەو پێشنیارەی بەو داوەو ئیدیعاشی کردبوو کە واز لەو داوایە ناهێنێ‌و پێوشوێنی دەگرێ. بە قسەی ناوبراو، ئەو داوای لە سەرۆکی یۆنێسکۆ کردبوو کە پێودانگەکانی بەڕەسمی ناسینی زمانەکان بگۆڕن‌و دەبێ ڕەسمی ناسینی زمانەکان بۆ بە نێودەوڵەتی بوون لە سەر ئەساسی پێشینەو کۆنی ئەو زمانەو هاوکات ئەو نووسین‌و سەرگڕدراوانە بێ کە لەو زمانەوە بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دیکەی جیهان کراون. دەربەندی ئاشكرای کردوە کە لە سەردانی باڵوێزی ئێران لە یۆنێسکۆ بۆ ئێران، ئەو پێشنیارە خراوەتە بەر باس‌و باڵویزی ئێران بەڵێنی دابوو کە بە دوای مەسەلەکە دا بچێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە ئەو پێشنیارەی ئێران لە لایەن یۆنێسکۆوە وڵامی ڕەتی درابووەوە، هەر بۆیە هیچ وڵامێک بە باڵویز ئێران لەو پەیوەندییەدا نەدراوەتەوە. ڕەزا دەربەندی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو خاڵانەی کە سەبارەت بە فەرمی ناسینی زمانی فارسی درابوونە یۆنێسکۆ گتی: بنیاتی سەعدی ١٠ خاڵی وەک بنەڕەت بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی ناسینی زمانی فارسی بە یۆنێسکۆ دابوو کە هاوسەنگ بوونگ لەگەڵ ئەو پێودانگانەی کە زمانەکانی دیکەی جیهانی پێناسراوە، بەڵام بەو حاڵەش ئێران وڵامی "نای" وەرگرتەوە. پێویست بە ئاماژەیە کە تا ئیستا ٧ زمانی جیهان وەک زمانی فەرمی، لە لایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە بە زمانی نیودەوڵەتی ناودەبرێن کە بریتین لە ئینگلیسی، ئیسپانی، عەڕەبی، تورکی، ئاڵمانی، فەڕانسی‌و چینی. بە گوێرەی یاساکانی یۆنێسکۆ ئەگەر زمانێک بە فەرمی بناسرێ‌و بکرێتە نێودەوڵەتی، ئەو زمانە لە زۆربەی وڵاتە گەورەکانی جیهان دەچێتە بەرنامەی خوێندنی قوبخانە دوا ناوەندی‌و زانکۆکانەوەو ‌ هاوکات لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکان دا وەرگێڕی تایبەتی بۆ دابین دەکرێ، ئەوە جگە لەوەی کە هەوڵی گەشە‌و پەرەپێدانی دەدرێ و لە جیهانی ئینتەرنێتیش‌دا پەڕگەی تایبەت بە خۆی بۆ دەکرێتەوە. ئەوە جاری یەکەم نیە کە ئێران ئەو پێشنیارە بە یۆنێسکۆ دەکات و چەند ساڵێکیش لەمەوبەر بە پشتگیری ئەفغانستان و تاجیکستان، پێشنیارێکی هاوشێوە ئاڕاستەی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە کرا، بەڵام وڵامی ڕەتی وەرگرتەوە