کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گران‌بوونی نرخی داودەرمان بەهۆی نابەرپرسیاربوونی بیمەكان

14:50 - 5 بەفرانبار 2715

ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی داودەرمانی ئێران باسی لە گران‌بوونی نرخی جۆرەكانی دەرمان بەهۆی پێبەندنەبوونی بیمەكان بە ئەرك‌و بەرپرسایەتییەكانیان كردو گوتی نەخۆشەكان كە تا ماوەیەك لەمەوبەر دەبوایە سەدی ١٠ی نرخی داودەرمانەكانی خۆیان دابا، ئێستا دەبێ سەدی ٣٠ی تێچووی ئەم دەرمانانە لە گیرفانی خۆیان بدەن. دۆڕی، ئەندامی ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی داودەرمان لە ئێران لە بابەت بەرز بوونەوەی‌و گران بوونی نرخی دەرمان لەم دواییانەدا بەهۆی نابەرپرسیار بوونی بیمەكان بەم ئەركانەی كە لە ئەستۆیانە، گوتی: زۆرجار ئەم ڕێكخراوانەی كە خەڵكیان بیمە كردووە بەپێی زەوق‌و ئارەزووی خۆیان قانوونەكانیان دەگۆڕن‌و ئەم مەسەلەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لە ڕەوتی نوێدا نەخۆشەكان سەدی ٣٠ تێچووی دەرمانەكانیان وە ئەستۆ بگرن، لە حاڵێك‌دا كە پێشتر تەنیا سەدی ١٠ی ئەم خەرجەیان لە گیرفانی خۆیان دەدا. ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی داودەرمانی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: یەكێك لە گرفتەكانی ئەم سەردەمەی ئێران قورسایی ئەم خەرجەیە كە لە بابەت تێچووی داودەرمان لەسەر شانی خەڵكە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بە تایبەت لە بەشی بیمەدا هیچ هەنگاوێكیان هەڵنەهێناوەتەوە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە بوونی ٣٠ تا ٤٠ بیمە لە بواری داودەرمان‌دا كە هەر كامەیان قانوونی تایبەت بە خۆیان هەیە، گوتی: تا ئێستاش پاش تێپەڕینی ٦ساڵ و سەرەڕای كۆڕ و كۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ بیمەكانی دابین كردنی كۆمەڵایەتی، خزمەتگوزارییە دەرمانییەكان و هێزە چەكدارەكان، بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتووین، چونكی هەركام لەم بیمانە تەنیا لە بیری بەرژەوەندییەكانی خۆیان دان.