کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران: ئامریكا ئەگەر دەست بەسەر دارایی بانكی ناوەندیی ئێران‌دا بگرێ دەبێ غەرامەكەی بدا

14:59 - 5 بەفرانبار 2715

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامریكای وریا كردەوە كە ئەگەر دەست بەسەر دارایی‌یه‌کانی بانكی ناوەندیی ئێران به‌ بیانووی پێدانی غەرامە بە قوربانیان ڕووداوی تیرۆریستی بگرێ، بەرپرسی قەرەبووكردنەوەی خەسارەت بە ئێرانە. حوسێن جابری ئەنساری لەبارەی هەوڵەكانی ئەم دواییانەی ئامریكا بۆ دەسبەسەرداگرتنی دارایی بانكی ناوەندیی ئێران بۆ پێدانی غەرامە بەم دیپڵۆماتانەی گوت، هەوڵی ئەم دواییانەی دیوانی باڵای ئامریكا بۆ دەسبەسەرداگرتنی دارایی كۆماری ئیسلامیی ئێران، قۆناخی كۆتایی ئەم پەروەندەیە بوو كە لە ساڵی ١٣٨٦ لە دادگا جیاجیاكان‌دا ئامریكا دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرتییه‌ به‌رو ئه‌مه‌ پێچەوانەی ڕێسا نێونەتەوەییەكان بووەو هیچ ئێعتباری حقووقیی نییە. لە بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠١٦ ئامریكا كە لە كۆنگرە پەسند كراوە، بۆ ٥٢ دیپڵۆمات یان كەسوكاریان كە لە تاران دوای ئینقلاب لە لایەن خوێندكارانی بە ناو "پێڕەوی خەتی ئیمام" ٤٤٤ ڕۆژ دەسبەسەر كرابوون، بڕی ٤ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار غەرامە لەبەر چاو گیراوە. لە ڕاپۆرتی نیویۆڕك تایمزدا هاتووە كە ئەم غەرامەیە لە رێگای سزای ٩ میلیارد دۆلاریی بانكی بی ئێم پی پاریبای پاریس، بە هۆی پێشێلكردنی گەمارۆكانی دژی ئێران، سودان و كوبا دابین دەكرێ. ئێران داوای كردوە كە پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بكەن‌و دیوانی باڵای ئامریكا قەرارە لە مانگی داهاتوو بەرگرییەكانی ئێران له‌ قۆناغی پێداچوونەوەدا ببیسن. شایانی باسه‌ ئەگەر بڕیاری كۆتایی دیوانی باڵای ئامریكا لە بەرژەوەندیی بانكی ناوەندیی ئێران‌دا نەبوو، ئەوكات دەبێ ئەم وڵاتە زیاتر لە ٢ میلیارد دۆلار پارەی ئەم بانكە لە سندووقی خەسارەتی قوربانیانی ئامریكایی بكرێ كە تایبه‌ت به‌ قوربانییانی سیاسه‌تی تیرۆر دەوڵەتی ئێرانه‌.