کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن عەلیزادە: كلیله‌که‌ی ڕۆحانی قفلی موسیقاشی نەكردەوە

15:10 - 5 بەفرانبار 2715

حوسێن عەلیزادە لە پرێس‌كۆنفرانسێك‌دا لە ماڵی موسیقی باسی لە گیروگرفتی موسیقا، بە تایبەت بەڕێوەچوونی كۆنسێرته‌کان لە شارەكان كردو گوتی قانوون هیچ جێگایه‌کی لە موسیقیی ئێران‌دا نییەو هونەرمەندان بێ‌ڕێزییان پێ دەكرێ. حوسێن عەلیزادە، ئاهەنگسازو ژەنیاری ناوداری ئێران دەڵێ جێی خۆشحاڵی بوو كە توانیمان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كۆنسێرت لە شارەکان‌دا بەڕێوەبەرین، بەڵام كلیلی ڕۆحانی نەیتوانی گیروگرفتەكان چارەسەر بكاو بەڕێوەچوونی كۆنسێرتەكان لە شارە چووكەكان هێشتا گیروگرفتی هەیەو لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهانەدا بەم جۆرە لەگەڵ موسیقی هەڵسوكەوت ناكەن. عەلیزادە وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی هێندێك لە كۆنسێرتەكان لەلایەن هێندێك كەسەوە بە ناقانوونی زانی‌و گوتی تەنانەت ئەگەر كەسێك وەك ناوبراو وەها گلەییەك بكا، لەوانەیە ڕاپێچی بەندیخانە بکرێ. ئەم ئاهەنگسازە لە وه‌ڵامی پرسیارێك‌دا كە بۆچی لە بەرنامەكانی دەیەی فەجردا بەشداری ناكا گوتی: موسیقی نابێ لە ماوەی ٣٦٥ ڕۆژی ساڵ‌دا تەنیا ١٠ ڕۆژ ڕێزی لێ بگیردرێ‌و هەموو ئیمكانات‌و بوودجەیەكی بۆ تەرخان بكرێ، بەڵام دوای ئه‌و ١٠ ڕۆژه‌ توڕ هه‌ڵبدرێ‌و هەر كەس چۆنی پێی خۆش بوو ئاوا بێڕێزیی پێ بكا. ئه‌و قسانه‌ی عه‌لیزاده‌ له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ لە ماوەی یەك ساڵ‌و نیوی ڕابردوودا چەندین كۆنسێرتی موسیقی لە تاران‌و شارەكانی دیكەی ئێران لە دوایین ساتەكان‌دا تێک‌دران. هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆنسێرتانە وه‌ک ده‌گوترێ له‌لایه‌ن گرووپە توندئاژۆكانی سه‌ر به‌ رێژیمه‌وه‌ بووه‌. كەیهان كەڵهوڕ، ژەنیاری بەناوبانگی كوردیش سەبارەت بە ڕێگری له‌ كۆنسێرتێكی ناوبراو لە بورجی میلاد لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ‌دا لە نامەیەكی سەرئاواڵادا بڵاوی کردوه‌ که‌ تا ئەو كاتەی فەرهەنگ‌و هونەری ئێران لە گرەوی ململانێی جەناحە سیاسییەكان‌دا بێ‌و سنوور بۆ چالاكییە هونەرییەكان دیاری نەكرێ؛ ئه‌و هیچ چەشنە چالاكی‌یەكی هونەری لە وڵاتی ئێران‌دا نابێ.