کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆغان: توركیە لەسەر كێشەكانی ناوچە لەگەڵ ئێران ناكۆكە

05:24 - 6 بەفرانبار 2715

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیە لە لێدوانێك‌دا بۆ كاناڵی تەلەڤیزیۆنیی ئەلعەرەبیە گوتی، توركیەو ئێران لەسەر كێشەكانی ناوچە لەگەڵ یەكتر ڕێك ناكەون‌و ناكۆكیی زۆریان هەیە. سەركۆماری توركیە لەم لێدوانە تەلەڤیزیۆنی‌یەدا وێڕای پێداگری لەسەر ڕێك نەكەوتنی توركیەو ئێران لەسەر باس‌و بابەتەكانی ناوچە، گوتی: من وه‌ک خۆم نامه‌وێ ئەم كێشانە كاریگەری‌یان لەسەر پێوەندیی باشی دراوسێیەتیی ئەم دوو وڵاتە هه‌بێ. ئەم قسانەی ئەردۆغان لە حاڵێك دایە كە ئێران‌و ڕووسیە دەوڵەتی توركیە بە پشتیوانی كردن لە داعش‌و گرووپە ئیسلامگەرا توندڕه‌وه‌کان لە سووریە تاوانبار دەكەن، بەڵام دەوڵەتی توركیە ئەم ئیدیعایە ڕەد دەكاتەوە. سەركۆماری توركیە لە بابەت به‌شداریی هێزە نیزامی‌یەكانی وڵاتەكەی لە ئۆردووگای بەعشیقەی عێراق گوتی: كاتێك كە داعش گەیشتە عێراق، ئەم وڵاتە داوای هاوكاری‌یان لە ئێمە كردو ئێمەش بەڵینیمان پێ دان كە یارمەتیێیان بدەین. ئێستا که‌ بۆچوونه‌کانی عیبادی گۆڕاوه‌ ده‌بێ کاریگه‌ریی ئێران‌و ڕووسیه‌ی له‌سه‌ر بێ. جێی بیرهینانه‌وه‌یه‌ که‌ زیاتر لە ١٠٠٠ سەربازی توركیە بە ٢٠ تا ٢٥تانكەوەو، بە مەبەستی ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان له‌ دەوروبەری شاری موسڵ جێگیر بوون. دەوڵەتی حەیدەر عیبادی ئیدیعا دەكا كە ناردنی سەربازەكانی توركیە بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بووە، به‌ڵام تورکیه‌ ده‌ڵێ ئه‌وان بۆ خۆیان داوایان کردو ئێستا ڕایان گۆڕاوه‌.