کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانووستانەكانی ئاشتیی سووریە ٢٥ی ژانویە دەست پێ دەكاتەوە

04:58 - 7 بەفرانبار 2715

دەفتەری ئێستێفان دی مێستۆرا، نوێنەری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریە به‌ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك ڕایگەیاندووە كە خولی نوێی دانووستانەكانی ئاشتیی سووریە لە ٢٥ی ژانویەڕا دەست پێ دەكا. بەپێی ڕێككەوتنەكان بڕیارە ئەم دانووستانانە لە ژنێڤ‌و بە بەشداریی گرووپە دژبەرەكانی ئەسەدو لە ژێر چاوەدێریی ڕێكخراوی نەتەوە یەگرتووەكان‌دا بەڕێوە بچێ، بەڵام تا ئێستاش ڕوون نەبۆتەوە كە دەوڵەتی دەمێشق و هەموو گرووپەكانی دیكە كە لە قەیرانی نێوخۆیی سووریە گلاون لەم دانووستانانەدا بەشدار دەبن یان نا؟ بەرنامەدانان بۆ دەسپێكی خولی نوێی دانووستانەكان لە ڕێكەوتی ٢٥ی ژانویە لە حاڵێك‌ دایه‌ كە ئێستێفان دی مێستۆرا لە بەیاننامەكەی خۆی‌دا ڕایگەیاندووە بەنیازە تا سەرەتای مانگی ژانویە‌دا، ڕاپرسی‌یەكانی خۆی لە بابەت گرووپ‌و لایەنە بەشداربووەكان لەم دانووستانانە بە ئەنجام بگەیەنێ تا بۆ دەسپێكی دانووستانەكان لە ڕێكەوتی ٢٥ی ژانویە ئامادە كرابن. ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە پەسندكردنی بڕیارنامەیەك لە پێوەندیی لەگەڵ قەیرانی سووریەدا وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی پاراستنی دەسەڵات، سەربەخۆیی‌و یەكپارچە بوونی سووریە داوای ئەوە بوو كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ دانووستانەكانی ئاشتیی سووریە بە ئامادە بوونی هەموو لایەنەكان بەڕێوەبچێ‌و پاشانیش لە ماوەی ١٨ مانگدا پاش دەسپێكی ئەم دانووستانانە، لەم وڵاتە هەڵبژاردنێكی ئازاد بەڕێوە ببەن. بڕیارنامەی ٢٢٤٥ی شوورای ئەمنیەت بە دەنگی بەڵێی ١٥ ئەندامی ئەم شوورایە و بە سەرۆكایەتیی ئامریكا پەسند كرا.