کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی: سەدی ٨٤ی توندوتیژی‌و مرۆڤ كوژییەكان لە جیهانی ئیسلام‌دا ڕوو ده‌ده‌ن

05:00 - 7 بەفرانبار 2715

حەسەن ڕووحانی، سەركۆماری ئێران، وێڕای ئاماژە بە ئاماری توندوتیژی‌و تێرۆر لە ئاستی جیهان‌دا گوتی: سەدی ٨٤ی توندوتیژی، تێرۆرو كوشتنی مرۆڤەكان لە جیهانی ئیسلام‌دا‌و لە باكووری ئافریقا، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست‌و ڕۆژاوای ئاسیا ڕوو دەدەن. حەسەن ڕووحانی لە بیست‌و نۆیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی یەكیەتیی ئیسلامی‌دا گوتی ئایا بەڕاستی ئەوە بۆ جیهانی ئیسلام شەرم نییە كە موسڵمانه‌کان وێڕای مناڵە بچووكەكانیان بەناو ئاوی سارددا، لە چۆم‌و گۆ و دەریاكان بپەڕێنەوە‌و پەنا بۆ وڵاتێكی ناموسوڵمان بەرن؟ ڕووحانی لە بابەت مەسەلەی دۆزینەوەی سه‌رچاوه‌ی پەرەسەندنی توندوتیژی لە جیهانی ئیسلام‌دا گوتی: كۆمەڵێك لەم خوێندنگه‌و ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌یی‌یانه‌ی كە بە ناوی ئایینەوە دامەزراون، خوێندنەوەیان لە ئیسلام، لە دەقی قورئان‌و سوننەت‌و ڕەوشتی پێغەمبەر، خوێندەوەیەكی پڕ له‌ توندو تیژی‌یە. پێشتریش باراك ئۆباما، سەركۆماری ئامریكا، لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە كۆڕی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای باس لە جیهانی ئیسلام، پێداگری لەسەر ئەوە كردبۆوە كە نابێ بیرو هزری مێرمناڵان بە ڕق‌و قین ڕەش بکرێ. ئه‌و گوتبووی دەبێ هەر لە قوتابخانەوە مناڵەكان فێری لێبوردن‌و دڵاوایی بكەین. ڕووحانی لە هەمان كات‌دا داوای یه‌ک هه‌ڵوێستیی وڵاتە ئیسلامی‌یەكان لەدژی ئیسراییل بووەو پشتیوانی لە سووریەش كردوە. ئەم قسانەی ڕووحانی لە حاڵێك‌دایە كە توركیە، عەرەبستان‌و كۆمەڵێكی دیكە لە وڵاتانی ناوچە داوای لابردنی ڕێژیمی به‌شار ئەسەدن، بە تایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیە، تا ئێستا چەندین جار پێداگریی لەسەر ئەم بابه‌ته‌ كۆدۆتەوە.