کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیرشاد: كۆمەڵگای ئێران تووشی داڕووخانی ئەخلاقی هاتووە

05:59 - 10 بەفرانبار 2715

عەلی جەننەتی، وەزیری ئیرشادی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ڵێ كۆمەڵگای ئێران تووشی داڕووخانی ئەخلاقی هاتووە‌و گرفتە ماڵی‌یەكانی دەوڵەتی ره‌حانی لە مێژووی كۆماری ئیسلامی‌دا وێنەی نەبووە. جەننەتی بۆ ڕەخنە گرتن لەبابەت بارودۆخی كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگیی كۆمەڵگای ئێران‌و ناتوانا بوونی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی لە بواری سەرمایەدانان لەم بەشانەدا، ئاماژەی بە چەند خاڵێک كردووە. ناوبراو ده‌ڵێ ئاماری تەڵاق لە ئێران سەرسووڕهێنەره‌و لە هەر ٤ حاڵەتی پێكەوەنانی ژیانی هاوبەش یەكیان بە تەڵاق كۆتایی پێ دێ‌و ئەم ئامارە لە چەند ناوچەیەكی وەك باكووری تاران جیاوازە، لەم ناوچانە لە هەر ٢ یان ٣ حاڵەتی پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌ش یه‌کیان ئاکامه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌. عەلی جەننەتی لە کۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ هونەرمەندان‌و سیما ناسراوە فەرهەنگی، هونەری‌و سیاسی‌یەكانی پارێزگای هورموزگان‌دا گوتی: یەكێك لە گرفتە فەرهەنگی‌یەكانی ئەم وڵاتە كە لە بەشە جۆراوجۆرەكان‌دا لە بنەماڵەڕا بگرە تا شوێنە كۆمەڵایەتی‌و ئایینی‌و سیاسی‌یەكان سەری هەڵداوە، قەبووڵ نەكردنی بیروڕای جیاوازو زەوقی جۆراوجۆر و نەبوونی سنگ فراوانییە، هەر ئەوەشە كە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق‌و جیا بوونەوەی ژن‌و مێردەكان. جەننەتی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لە بەشەكانی دیكەش‌دا داڕووخانی ئەخلاقی دەبیندرێ، وەك: درۆ كردن، خیانەت لە ئەمانەت، پێبەند‌نەبوونی ئەخلاقی كە پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه‌. وەزیری ئیرشاد لە بەشێكی دیكەی قسەكانی‌دا ئاماژەی بە "كەمایەسی‌یە فەرهەنگییەكان" لە ئێران كرد و گوتی: دەوڵەت لەگەڵ ئاستەنگی زۆر قورسی ماڵی بەرەوڕوو بۆتەوە، بە شێوەیەك كە دەتوانین بڵێین لە مێژووی كۆماری ئیسلامی‌دا بارودۆخی لەم چەشنە نەبینراوە.