کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دانەبەزینی نرخی دۆلار پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان لە ئێران

06:05 - 10 بەفرانبار 2715

دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت لە جیهان تا ڕۆژەكانی كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌و هەڵسەنگاندنی زۆربەی چاوه‌دێران سەبارەت بە مانەوەی نرخی نەوت وەك خۆی بۆ ماوەیەكی درێژو دانەبەزینی دۆلار بە تایبەت لە وڵاتی ئێران نیگەرانیی زۆری بۆ کاربه‌ده‌ستانی ئێران دروست کردوه‌. جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسانكاریی كارو كاسبیی ژووری بازرگانیی ئێران به‌ ئیسنای ڕاگەیاند كە بارودۆخی بازاڕی نەوت، ئیزنی دابەزین به‌ نرخی دراو ناداو نرخی دۆلار پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكانیش كەمتر لە ٣٦٠٠ تمەن نایه‌ته‌ خوارێ. ئەحمەد كیمیایی ئەسەدی بۆ ڕوونكردنەوەی هۆكاری ئەم بابه‌ته‌ گوتی، بە سه‌رنجدان بە بەستراوەیی زۆری ئابووریی ئێران بە نەوت‌و ئەوەی كە نرخی نەوت لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە‌و نزیك بە ٣٠ دۆلار مەعامەلە كراوە، شیمانەی ئەمە دەكرێ كە نرخی دراو پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان لەوەش زیاتر داببه‌زێ. كارناسان، هۆكاری دابەزینی هەرچی زیاتری نرخی نەوت تا ئاستی نزیكەی ٢٠ دۆلار بۆ هەر بۆشكەیەك‌و كەم بوونی نرخی نەوت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە نەوتی یەكجار زیاتر لە ڕادەی پێویست دەخرێتە بازاڕەوە. ڕێكخراوی ئۆپێكیش پێشبینی كردووە كە باشتر بوونی بازاڕی نەوت زۆر بە خاوی دەچێتە پێش‌و ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٢٠ كە دەكاتە ٥ ساڵی دیكە ئەم نرخە بگاتە ٧٠ دۆلار. جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئاسانكاریی كارو كاسبیی ژووری بازرگانیی ئێران پێشبینی كردووە كە پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆكان نرخی دۆلار لەم قیمەتەی ئێستای كە نزیكەی ٣٦٥٠ تمەنە كەمتر نەبێ‌و تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە تا كۆتایی ساڵ نرخی دۆلار بەرز بێتەوە.