کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیشاندرانی فیلمێکی کوردی لە فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"ی بەڕڵین

05:09 - 12 بەفرانبار 2715

فیلمی کوردیی "حەوت بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد خاتوو "فاتمە دەستمەرد" لە سی‌و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"ی بەڕڵین پیشان‌درا. کورتە فیلمی چیرۆکی "حەوت بەرد" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و لە دوو سانسی جیاوازدا لە تەنیشت ١٣ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان‌و لە بەشی پێشبڕکێی سی‌و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەڕڵین لە وڵاتی ئاڵمان چووە سەر پەردەی سینەماکان. فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "ئینتێرفیلم"ی بەڕڵین، ساڵی ١٩٨٢ لە شاری بەڕڵین دەستی پێ‌کرد و ھەموو ساڵێک لە لایەن ناوەندیی "ئینتێرفیلم"ی بەڕڵین بەڕێوەدەچێ. ئامانج لە بەڕێوەبەردنی فیستیڤاڵی "ئینتێرفیلم"، دۆزینەوەی فیلمسازانی شارەزا و داھێنەر و کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی ئەوانە. ئەم بەرھەمانە لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی‌و فەرھەنگی پێشکەش دەکرێن تاکوو ئاڵووگۆڕی ئایدیا وێنەییەکان بە باشترین شێوەی خۆی ئاراستە بکرێ. فیلمی سینه‌مایی "حەوت بەرد" تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵ پیشان دراوه‌، وه‌ک له‌ بیست‌و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاڵتێڕناتیڤ" لە ڕۆمانی لە ساڵی ٩٣، پازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەیرووت" لە لوبنان لە ساڵی ٩٤، پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان"ی لەندەن لە بریتانیا، سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "تاران" لە ئێران لە ساڵی٩٣، بیست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمەکانی "منداڵان و مێرمنداڵان" لە ئیسفەھان‌و چه‌ند فستیڤاڵێکی نێوخۆیی له‌ ئێران. خاتوو فاتمە دەستمەرد، سینەماکاری لاوی مەریوانی پێش دروستکردنی فیلمی "حەوت بەرد" کاری دەرھێنانی بۆ دوو کورتە فیلمی چیرۆکیی دیکە بە ناوەکانی "بێدەنگیی تاڵاوەکان" و "شوێن پێی ژیان" کردوه‌ که‌ له‌ فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان‌دا بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستێ ھێناوە.