کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی نوێنەرانی كۆنگرە لە دواخرانی سه‌پاندنی گەمارۆی نوێ بەدژی ئێران

06:09 - 13 بەفرانبار 2715

بەدوای بڵاوبوونەوەی هه‌واڵی داوخرانی جێبەجێ كردنی گەمارۆ نوێ‌یەكانی ئامریكا بەدژی "پەرە سەندنی بەرنامەی مووشەكی" ئێران، كۆمەڵێك لە نوێنەرەكانی كۆنگرە ڕەخنەیان لە هەوڵی كۆشكی سپی لە بابەت دواخستنی ئەم گەمارۆیانە گرتوە. كریس كوونز، سێناتۆری دێمۆكرات كە یەكێك لە پشتیوانانی ڕێككەوتنامەی ناوكیی ئێرانە، لەم بارەوە ده‌ڵێ: من بڕوام بە جێبەجێ‌كرانی ئەم ڕێككەوتنە بە شێوەیەكی جیددی هەیە، بە جۆرێك كە ئێرانیش نەتوانێ هەنگاوی خراپ هەڵبێنێتەوە. ئەگەر ئێمە ئەم كارە نەكەین، ئەوا بە دەستی خۆمان ڕێگای فێڵ‌و ساختەچییەتیمان بۆ ئێران ئاوەڵا كردوە. سێناتۆر كوونز پێداگری كردوە كە بە مەرجێك پشتیوانی لە ڕێككەوتنامەی ناوكی لەگەڵ ئێران دەكا كە دەوڵەتی ئۆباما لەسەر جێبەجی كردنی ئەم ڕێككەوتنە سوور بێ‌و هەنگاوی جیددی بۆ كۆنتڕۆڵ‌كردنی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست باوێ. هەر لەم پێوەندییەدا، سێناتۆر باب كراكێر، سەرۆكی كۆمیتەی پێوەندی‌یەكانی دەرەوەی سەنای ئامریكا گوتوویەتی پێوەندی بە كاربەدەستانی دەوڵەتی ئامریكاوە گرتوە و لە قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان‌دا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بابەت دواخرانی گەمارۆكان ڕاگەیاندوە. بەپێی ڕاپۆرتی وال ستریت ژوورنال، سێناتۆر باب كراكێر، سەرۆكی كۆمیتەی پێوەندی‌یەكانی دەرەوەی سەنای ئامریكا گوتویه‌تی: بە ئەگەری زۆر فشارەكان لە لایەن كۆمەڵێك لە هاوبەشەكانەوە، یان مەترسی‌یەكانی سەر ئێران بۆ بەجێ‌هێشتنی ڕێككەوتنامەی ناوكی بووبێتە هۆی ئەوەی كە دەوڵەتی ئامریكا بۆ جارێكی دیكە تاوتوێی ئەم گەمارۆ نوێیانەی كردبێ. هەروەها مایك پامو، نوێنەری مەجلیسی نوێنەران لە ئیالەتی "كانزاس"یش، ڕۆژی هەینی ڕەخنەی توندی لە دواكەوتنی گەمارۆكانی سەر ئێران گرتوە