کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگیری ٣٤ وڵاتی به‌ره‌ی هاوپه‌یمان بە ڕێبەری عەڕەبستان لە پێکهاتنی حکومەتی سەربەخۆی کوردستان

02:10 - 14 بەفرانبار 2715

ماڵپەری ڕه‌سمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەیەک له‌ ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی‌و هەڵویستی وڵاتانی جیهان‌و ناوچەکە لە هەمبەر پێکهاتنی حکومەتێکی سەربەخۆ لە باشووری کوردستان ئاشکرای کردوە کە لە ئیستا دا ٣٤ وڵاتی ئەندام لە بەرەی هاوپه‌یمانیی ئیسلامی، کە عەرەبستانی سعودی سەرۆکایەتیی دەکا، پشتگیریی خۆیان بۆ درووست‌بوونی حکومەتی سەربەخۆی کوردستان دەربڕیوە. لەو ڕاپۆرتە دا هاتووە که‌ ساڵی ٢٠١٥ ساڵیک بوو پڕ لە کێشەو شەرو گرفتی ئابووری‌و تێداچوونی خەڵکیکی زۆر، بەڵام هاوکات ئەو ساڵە ساڵی خۆڕاگری‌و سەرکەوتنی گەورە بوو بۆ کوردان، چ لە بواری پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان‌دا‌و چ لە بواری سەلماندنی ئەو راستیە بە وڵاتانی ناوچەکەو گۆڕینی بیروبۆچوونیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی کە کورد مافی خۆیەتی ببێتە خاوەن حکومەت‌و دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی. له‌و لێکدانه‌وه‌یه‌دا هاتوه‌ که‌ ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا لە ئیستادا جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆشکی سپی بە سیاسەتەکانی‌دا سەبارەت بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق‌دا بچێتەوەو ئەو سیاستە کە پاریزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق‌و پاراستنی سنوورەکانییەتی وەک ئەوەی ئیستا دەبینرێ بخاتە لاوە. چونکی بە بروان شارەزایانی بواری سیاسی، سەرەڕای ڕووخانی ڕژیمی سەدام لە لایەن ئەمریکا‌و هاوپەیمانەکانی، بەڵام بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو، پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە هەموو پێکهاتەکانی وڵات خۆی تێدا ببینەوە لە خەون‌و خەیاڵ زیاتر نیە. نووسەری بابەت لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە سەرکەوتنی کوردان بە سەر هیزی زۆر‌و زەوەند و تۆکمەی داعش‌دا نووسیویەتی: لە ئیستا دا گەلی کورد لە هەموو کات‌و ساتێک زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆ نزیک بوونەتەوە. لە ئیستا کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی هێزی سەربازی‌و ئیداریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان دایەو لە لایەن کوردەوە ئیدارە دەکرێ. کورد لە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتی خۆی دا، نموونەیەکی جوانی لە حوکمڕانی‌و بەڕیوەبەری نیشانی جیهان داوە، هەر بۆیە مافی خۆیانە ببنە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆی خۆیان. ئەوە جگە لەوەی کە درووست بوونی حکومەتی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەداو هیوری و ئارامی بە دوای خۆیدا دێنێ. سەبارەت بە سیاسەتی حیزبەکانی ئەمریکاش کە لە ئێستادا لە کێبەرکێیەکی توندی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا نووسەر دەنووسێ: سیاسەتی کۆماریخوازەکان سەبارەت بە پێکهاتنی حکومەتی کوردستان ڕوون‌و ئاشکرایە، چونکی بەربژێرە کۆماری‌خوازەکانی وەک: تێد کڕوز، ڕێند پاڵ، مارکۆ رۆبیو، جیپ بۆش و کارلی فیۆرینا، ڕاشکاوانە پشتگیریی خۆیان بۆ درووست‌بوونی حکومەتی سەربەخۆی کوردستان دەربریوە. هەرچی دیموکراتەکانیشە کە ئیستا باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕێبەریی دەکا، تارادەیەکی زۆر بیروبۆچوونیان سەبارەت بە مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان گۆڕاوە، خۆ هەرچەندە کەسێکی وەک جۆ بایدن کە جێگری سەرۆک کۆمارە، دەیان جارو لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان دا پشتگری لە حکومەتی سەربەخۆی کوردستان کردووە و تەنانەت لە دوایین دیداری نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باراک ئۆباما لە مانگی مای ساڵی ٢٠١٥ دا، گۆڕانکارییەکی بنەرەتی سەبارەت بە حکومەتی سەربەخۆی کوردستان بەدی دەکراو لە ڕاستی دا ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە هۆی گۆڕینی ڕاوبۆچوونی ئۆباماو سیاسەتەکانی کۆشكی سپی لە هەمبەر مەسەلەی حکومەتی کوردستان. لە درێژەی ئەو بابەتەی ماڵپەری فەرمی پارتی‌دا بە ئاماژە بە پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی ساڵی ٢٠١٦وە، بۆ جارێکی دیکە پێ لە سەر ئەوە داگیراوەتەوە کە هەوڵەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان درێژەیان دەبێ. بارزانی پێشتریش لە سەردانەکەی‌دا بۆ عەرەبستانی سعودی باس‌و خواسی سەربەخۆیی کوردستانی لەگەڵ دەسەلاتدارانی عەرەبستان هێنابووە بەر باس‌و پێشوازی گەرم‌و ڕه‌سمیی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە لە سەرۆکی هەرێم، نیشاندەری پشتگیری ئەو وڵاتەیە بۆ سەربەخۆیی کوردستان. هەر لەو پەیوەندییە دا دکتور ئەنوەر عشقی، ڕاوێژکاری پێشووی پاشای سعوودیە دەڵێ: لە ئیستا ٣٤ وڵاتی هاوپه‌یمانی ئیسلامی کە وڵاتی سعودییە سەرۆکایەتیی دەکا پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. ئەو پێێ وایە کە دامەزراندنی حکومەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان، لە ڕیزی بەرنامە ستراتیژییەکانی عەرەبستان و ئەو کۆڕبەندی‌یە دایە.