کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژرانی سەرهەنگێكی هێزی دەریایی سپای پاسداران لە سووریە

14:16 - 16 بەفرانبار 2715

سەرهەنگێكی هێزی دەریایی سپای پاسداران وێڕای ٩ ئێرانی‌و ئەفغانیی دیكە لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا كوژراوەو تەرمەكانیان بەڕێی ئێران كراوەتەوە. ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بەفرانبار هەواڵدەریی تەسنیم باسی لە كوژرانی ناوسالاری سێهەم عەبدوڵڵا قوربانی لە حەلەبی سووریە كردووەو لە ڕاپۆرتێكی دیكەدا باس لە كوژرانی ئەفغانی‌یەكی ئەندامی تیپی فاتمیوون بە ناوی خوداكەرەم ڕەزایی لە سووریە كراوە. لەشكری فاتمیوون لە ئەفغانییەكانی دانیشتووی ئێران پێك هاتووە كە لە لایەن كۆماری ئیسلامی‌یەوە بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ دژبەرانی سووریە ڕێك خراوە. پێوەندییە گشتی‌یەكانی بنیادی شەهید كاروباری ئیسارگەرانی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویش بە بڵاو كردنەوەی ڕاگەیەندراوێك باسی لە ناشتنی جەنازەی ٨ ئێرانی‌و ئەفغانی كردووە كە لە سووریە كوژراون. شایانی باسە کە تا ئێستا بە دەیان كەس لە هێزەكانی ئێران و ئەفغانییانی دانیشتووی ئەم وڵاتە كە بۆ پشتیوانی كردن لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەشەڕ دەهاتن، كوژراون.