کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەدی سەڵاحییەتی ١٢٥ کاندیدی مەجلیس لە کوردستان لە قۆناغی یەکەم‌دا

16:01 - 16 بەفرانبار 2715

لە چوار پارێزگای رۆژهەڵات، سەڵاحیەتی ١٢٥ کاندیدی مەجلیس رەد کرایەوە. لە دەوری یەکەمی رەوتی پەسندکردنی کاندیدەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، سەڵاحیەتی ١٢٥ کەس لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هەیئەتی ئیجڕایی سەر بە وەزارەتی نێوخۆوە رەد کرایەوە. بە پێی ئەو ئامارە رەسمی‌یانەی کە لە لایەن راگەیەندراوەکانی کۆماری ئیسلامی‌یەوە بڵاو کراونەتەوە، لە پارێزگای ورمێ ٣٧ کەس، لە پارێزگای سنە ٣٢ کەس، لە پارێزگای ئیلام ٨ کەس‌و لە پارێزگای کرماشان ٤٨ کەس لەو کەسانەی خۆیان بۆ کاندیداتۆریی مەجلیس ناونووس کردبوو، سەڵاحیەتیان رەد کرایەوە. بەوەش دوای تاران و ئیسفەهان، پارێزگای کرماشان زیاترین رێژەی رەدی سەڵاحیەتەکانی لە ئاستی ئێران‌دا وەبەر کەوتوە. لە ناو ئەو کەسانەی کە لە خولی یەکەم‌دا رێگای کاندیداتۆریی مەجلیسیان لێ بەربەرست کراوە، کۆمەڵێک کەسایەتیی ناسراوی وەک ئەندازیار حاسڵ داسە لە حەوزەی هەڵبژاردنی سەردەشت‌و پیرانشار، دوکتور خالید تەوەکولی لە حەوزەی هەڵبژاردنی سەقز و بانە؛ دوکتور رەئوف کەریمی، سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی کوردو تونیا کەبودوەند لە حەوزەی سنە – کامیاران‌و دیواندەرە دەبیندرێن. چاوەڕوان دەکرێ لە خولەکانی دواتری پێداچوونەوە بە سەڵاحیەتی کاندیداکان لە ئاستی پارێزگادا ژمارەیەکی زیاتر لە کاندیداکان رێگای بەشداری لە کێبەرکێ‌یەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسیان لێ بەربەست بکرێ.