کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بێكاریی لاوانی ئێران گەیشتە سەدی ٤٩

22:04 - 16 بەفرانبار 2715

نرخی بێكاریی لاوانی ژێر ٣٠ ساڵ لە ئێران گەیشتە ٤٩ لە سەدو، ئەم ئامارە بۆ ژنانی ژێر ٣٠ ساڵیش نزیكەی سەدی ٨٦ ڕاگەیەندراوە. بێکاریی هەر لاوێک لە دوو لاو لە ئێران لە حاڵێک دایە کە بەم حاڵەش دەوڵەتی ڕووحانی دەڵێ داهاتی وڵاتەكەی بۆ نزمترین ئاستەكانی ساڵانی پێشوو دابەزیوە‌و بێ پووڵی دەستی دەوڵەتی بۆ هەرچەشنە كارێك بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە بەستوە. هەواڵدەریی مێهر لەم بارەوە ڕایگەیاندوە، دەوڵەتی ڕووحانی دەڵێ مادام پارە نەبێ ناتوانین قەیرانی بێكاریی لاوان چارەسەر بكەین. لە لایەكی دیكەشەوە عەلی ڕەبیعی، وەزیری كاری دەوڵەتی حەسەن روحانی چارەسەری بێكاریی ئەم وڵاتەی بە هەڵكردنك‌و سازان لەگەڵ كۆمەڵگای جیهانی بەستۆتەوە. وەزارەتی كارهەروەها گوتویەتی كە دەوڵەتی ڕووحانی لە ماوەی ٢ ساڵ‌و نیوی ڕابردوودا تەنیا توانیویەتی ڕێگری لە لەنێوچوونی ٢٤٠ هەزار دەرفەتی شوغڵی بكا، هەرچەند ئیدیعاش دەکا کە دەوڵەت لە ساڵی ڕابردوودا ٤٠٠ هەزار هەلی كاریی نوێی پێك هێناوە. بەم حاڵەش، بەم جۆرە كە لە ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهردا هاتووە نێونجیی ئاستی بێكاریی لاوان لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ‌دا سەدی ٢٨ واتە دوو هیندەو نیوی هێندەی ئاستی گشتیی بێكاری لە سەرتاسەری ئێران‌دا بووە. لەم بەینەدا، نرخی بێكاریی لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵ لە پارێزگای كۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد لە ماوەی هاوینی ڕابردوودا گەیشتە ٤٩ لەسەدو هەر ئەم ئامارەش لە بابەت لاوانی ١٥ تا ٢٩ ساڵ لە كرماشان ٤٨ لەسەد بووە. بەپێی ئەم ئامارانە لە هەر دوو لاوی خوازیاری كار لە ئێران تەنانەت یەكیشیان لە ماوەیەكی كەم‌دا كاری دەست ناكەوێ‌و هەر بەم هۆیەوە ئەم وڵاتە بە بەردەوامی لەگەڵ قەیرانی كەڵەكە بوونی داوای كار ڕووبەڕوو دەبێتەوە. هەواڵدەریی مێهر لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا هەروەها باسی ئەوەشی كردووە كە بارودۆخی بێكاریی ژنان لە دۆخی پیاوان لەم بارەوە زۆر خراپترە، بە شێوەیەك كە لە هێندێك لە پارێزگاكان ئەم نرخە خۆی لە سەدی ٨٦ داوە.