کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەركرانی ٦٠٩٨ دز لە كرماشان لە ساڵی ٩٤دا

06:05 - 27 رەشەمه 2715

مەنووچێهر ئەمانوڵاهی، فەرماندەی هێزی ئینتزامیی پارێزگای كرماشان وێڕای ئاماژە بە له‌که‌میدانی سەدی ٢ی دزییەكان لەم پارێزگایە له‌و ساڵدا دەڵێ ئەمساڵ ٦٠٩٨ دز لە كرماشان دەسبەسەر كراون. ناوبراو له‌ درێژه‌دا گوتی ٥٠ باندی بڵاوکه‌ره‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ریان هه‌ڵته‌کاندوه‌و ٤٢١٩ كەس قاچاغچی‌و ورده‌فرۆشی مادەی هۆشبەریان گرتوه‌و هه‌ر له‌مساڵدا ١٠٣ كەسی دیكەش که‌ ناوبراو بە "ئەرازل و ئەوباش" ناویان ده‌با، ده‌سبه‌سه‌ر کراون. ئەمانوڵاهی هەروەها وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی دەسبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر لە كرماشان گوتبووی لە ماوەی یەك ساڵدا ٤٢١٩ كەس كە مادەی هۆشبەریان بڵاوكردۆتەوە دەسبەسەر كراون‌و زیاتر لە ٢٥٠٠ كیلۆگرەم لە لایەن هێزەكانی ڕێژیمەوە دەستی بەسەرداگیراوە. ڕاگەیاندنی هەواڵی دەسبەسەركرانی ٦٠٩٨ دز لە كرماشان لە ماوەی یەك ساڵدا لە حاڵێك دایە كە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵ ٣١٨٣ دزیش لە پارێزگای ورمێ دەسبەسەر كراون. سەرهەنگ سامان غەنی زادە، سەرۆكی پۆلیسی پارێزگای ورمێ‌ش وێڕای ئاماژە بەم هەواڵە گوتی سەدی ٧٤ دزەكان پێشینەی ئیعتیادو سەدی ٦٣ پێشینەیی دزییان هەبووە‌و زۆربەی دەسبەسەركراوان تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ بووە. شایانی باسە كە بەرزبوونەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە حاڵێك دایە كە كاربەدەستانی ڕێژیم ئیدیعا دەكەن شێوەی بەڕێوەبەرییان لە جیهاندا وێنەی نییە. لە لایەكی دیكە كۆمەڵناسان لەسەر ئەم بڕوایەن كە ڕوانگەی كاربەدەستان بەكێشەكانی كۆمەڵایەتی، ئەمنیەتی‌و سیاسی بووەو ئەمەش بۆخۆی لە تەنیشت هۆكارەكانی دیكەی وەك بێكاری‌و هەژاری هۆكاری دابەزینی زیانەكۆمەڵایەتییەكانە.