کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ بۆ درێژکردنه‌وه‌ی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید

05:45 - 29 رەشەمه 2715

دەیان ڕێکخراوی مافەكانی مرۆڤ‌و چەند ڕێكخراوی مەدەنیی دیكە لە نامەیەكدا ڕوو بە وڵاتانی ئەندامی شوورای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای نوێكردنەوەی مەئمووریەتی ڕاپۆرتده‌ری تایبەتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری ئێران لە لایەن ئەم شوورایە بوون. ئەحمەد شەهید لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا هەموو ساڵێك لە لایەن شوورای مافەكانی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران هەڵبژێردراوە. ناوبراو ڕاسپێدراوه‌ كە سەردانی ئێران بكا‌و لە ڕەوتی سەفەری خۆی‌دا تاوتوێی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی و باقی زیندانیانی دیكە لەم وڵاتە بكا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ كۆماری ئیسلامی ڕێگەی بە ناوبراو نەداوە بچێتە نێو خاكی ئێرانەوە. شوورای مافەكانی مرۆڤ لە كۆبوونەوەیەك‌دا كە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاكەلێوە بەڕێوەدەچێ، بڕیارنامەی نوێكردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید دەخاتە پرۆسەی دەنگدانەوە. بە قسەی سارا لی ویتسۆن، سەرۆكی كاروباری خۆرهەلاتی نێوەڕاست لە ڕێكخراوی چاوەدێری مافەكانی مرۆڤ، ئەم مەسەلە گرینگییەكی ژیانەكی هەیە كە شوورای مافەكانی مرۆڤ سەرنجی كۆمەڵگای جیهانی بۆلای شێوازی كاركردی پڕ لە هەڵەو كەم و كوڕی ئێران لە بابەت مافەكانی مرۆڤ ڕابكێشێ. لە نوێترین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهیددا كە ڕۆژی 20ی ڕەشەممە بڵاوی كردەوە، له‌باره‌ی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران هاتووە كە بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران نەتەنیا باشتر نەبووە بەڵكوو زۆر خراپتر لە پێشوویە. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە ڕێژەی ئێعدامەكان لە ئێران لە ٩١ كەس لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٩٦٦ كەس لە ساڵی ٢٠١٥ زیادی كردوە.