کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی ئێران: لە هەر كاتژمێرێك‌دا كەسێك لەسەر جاددەكان گیانی دادەنێ

14:33 - 4 خاکەلێوه 2716

كاربەدەستێكی پۆلیسی ئێران گوتی لە كاتی دەستپێكی سەفەرە نەورۆزییەكانەوە لە ئێران ١٦٩ هاووڵاتیی بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە. سەرتیپ ئەسكەندەر موئمینی، جێگری فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ئێران گوتوویەتی لە ڕۆژەكانی پشووی سەری ساڵدا بە شێوەی مام ناوەندی لە هەر كاتژمێرێكدا كەسێك لە جاددەكانی ئێران گیانی لە دەست داوە. موئمینی لە درێژەی قسەكانیدا گوتوویەتی ئەم ڕووداوانە بەهۆی ڕەچاو نەكردنی خاڵە ئیمەنییەكانی ڕێنوێنیی شۆفیری ڕوویان داوە. سەرۆكی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران هەروەها گوتی زیاتر لە سەدی ٤٠ی ئەم ڕووداوانەی كە مردنی مسافیرەكانیان لێ كەوتۆتەوە، پێوەندیان بە وەرگەڕانی ئەم ماشێنانەوە بووە كە شۆفیرەكانیان بە ماندوویەتی‌و خەواڵووییەوە لێیان خوڕیون. شایانی باسە جاددەكانی ئێران پڕ رووداوترین جاددەكانی جیهانن‌و ساڵانە بە سەدان هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لەم وڵاتە ڕووی دەدەن‌و بە هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی لەم ڕووداوانەدا گیانیان لە دەست دەدەن.