کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش بەرپرسایەتیی پەلاماری تێرۆریستیی "بێلژیك"ی وە ئەستۆ گرت

14:37 - 4 خاکەلێوه 2716

دوابەدوای ڕوودانی ٣ تەقینەوە لە فڕۆكەخانە و وێستگەی مێترۆی "مالبك"ی برووكسێل، پێتەختی بێلژیك لانی كەم ٣٤ كەس كوژران‌و زیاتر لە١٠٠ كەسیش بریندار بوون. گرووپی داعش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەك بەرپرسایەتیی ئەم هێرشانەی وە ئەستۆ گرت. سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاكەلێوە، ٣ تەقینەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی برووكسێل و وێستگەیەكی مێترۆ لەم شارە ڕووی دا. تا كاتی ئامادە كرانی ئەم هەواڵە بە ڕەسمی ئاماری قوربانیانی ئەم ڕووداوە تێرۆریستییانە ڕانەگەیەندراوە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەكان، لە ڕەوتی ئەم پەلامارنەدا هەر نەبێ ٣٤ كەس كوژراون‌و بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون. هەروەها ئەم تەقینەوانە بوون بە هۆی وەستانی خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوەی گشتیی پێتەختی بێلژیك. فرانسوا هۆلاند، سەركۆماری فەرانسە، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك ڕایگەیاند كە بەهۆی ئەم تەقینەوە تێرۆریستییانەی كە لە برووكسێل ڕوویان داوە، هەموو ئورووپا كراوەتە ئامانج. باراك ئۆباما سەركۆماری ئامریكاش، هاوكات لەگەڵ مەحكووم كردنی پەلامارە تێرۆریستییەكانی بێژیك، پشتڕاستی كردەوە كە واشینگتۆن بە مەبەستی یارمەتی كردن بە دۆست و هاوپەیمانی لەمێژینەی خۆی هەر كارێك كە بە پێویستی بزانێ دەیكا. برووكسێل مەقەڕی سەرەکیی شوورا، كۆمیسیۆن، پارلمان و یەكیەتیی ئورووپایە و هەر بەم هۆیەوە بە پێتەختی ئورووپا ناوبانگی دەركردوە. تەنیا چەند ڕۆژ پاش دەستبەسەر كرانی سەلاح عەبدولسەلام لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری برووكسێل ئەم تەقینەوانە ڕوویان دا. دەگوترێ سەلاح عەبدولسەلام داڕێژەری گەڵاڵەی عەمەلیاتی تێرۆریستیی مانگی خەزڵوەری پاریس پێتەختی فەرانسە بوو. گرووپی داعش بەرپرسایەتیی پەلامارەكانی شاری پاریسیشی وە ئەستۆ گرتبوو كە ١٣٠ كوژراو و برینداری لێ كەوتبۆوە. ئەم هێرشانە و هێرشەكانی برووكسێل بە گەورەترین پەلامارە تێرۆریستییەكانی مێژووی فەرانسە و بێلژیك دادەنرێن.