کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێك لە دوایین بارودۆخی بەندكراوانی سوننی مەزهەبی زیندانی ڕەجایی شار

14:40 - 4 خاکەلێوه 2716

لە زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج زیاتر لە ٧٠ بەندكراوی سوننی مەزهەب بە تۆمەتی ئەمنیەتی یا سیاسی وەك دوورخراوەیی لەم بەندیخانەیەدا ڕاگیراون كە ٤٢ كەسیان حوكمی ٥ تا ٢٠ ساڵ و لانیكەم ٣٠ كەسیان حوكمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ زۆربەی نیزیک بە تەواوی بەندكراوانی سیاسی عەقیدەتیی کوردی ئەو بەندیخانەیە كوردن. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لەو كاتەی كە بەندكراوانی سوننی مەزهەب پێیان لەم بەندیخانەیە ناوە، هیچ چەشنە لێبوردن‌و ئازادیی بە مەرج، لێبوردنی بابەتی یان لێبوردن بەبۆنەی بۆنە ئایینیەکان ئەوانی نەگرتۆتەوە و ئەم ٧٠ كەسە تەنیا بۆ یەك ڕۆژیش مەرەخەسییان نەدراوەتێ. ئەم بەندكراوانە کە هەموو سوننە مەزهەبەن، لە لایەن دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتگەلی وەك هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی، ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەكان، فەساد لەسەر زەوی و شەڕ لەگەڵ خودا حوكمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوەو لەبارەی وردەكاری‌و چالاكیی ئەوان لە لایەن كاربەدەستان و ئۆڕگانەكانی دەزگای قەزایی زانیارییەکی ئەوتۆش بڵاو نەکراوەتەوە. شایانی باسە زۆربەی ئەم گیراوانە لە ساڵەكانی ٨٨ تا ٩٠ لە كوردستان لە لایەن مەئموورەكانی وەزارەتی ئیتلاعات یان سپا دەستبەسەر كراون‌و پێش دادگایی کردنیان بەبێ ئەوەی مافی گرتنی پارێزەریان هەبێ یان بتوانن پێوەندی بە بنەماڵەكانیانەوە بگرن، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە زیندانی تاكەكەسیی ئیدارەی ئیتلاعات‌دا ڕاگیراون‌و ئەشکەنجە دراون.