کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكا فه‌رمانده‌ی‌ عه‌مه‌لیاتی‌‌و كه‌سی دووهه‌می‌ داعشی كوشتووه‌

04:48 - 7 خاکەلێوه 2716

كاربه‌ده‌ستانی‌ ئامریكایی ڕایانگه‌یاند كه‌ ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ له‌ عه‌مه‌لیاتێكی‌ هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ ئامریكادا فه‌رمانده‌ی‌ عه‌مه‌لیات‌و كه‌سی دووهه‌می‌ داعشیان له‌ وڵاتی‌ سووریه‌ كوشت. كاناڵی‌ خه‌به‌ریی ئێن بی سییی ئامریكا له‌ زمان كاربه‌ده‌ستانی‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م عه‌مه‌لیاته‌ ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ بووه‌. ئه‌م هه‌واڵده‌رییه‌ ده‌ڵێ ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ی‌ داعش‌ عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا ئه‌لقادولی ناسراو به‌ حاجی‌ ئیمان بووه‌و ده‌ڵێ فه‌رمانده‌ی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریسته‌ بووه‌. ئامریكا بۆ ئه‌م ئه‌ندامه‌ پله‌به‌رزه‌ی‌ داعش بڕی‌ ٧ میلیۆن دۆلاری‌ وه‌ك خه‌ڵات دیاری‌ كردبوو. حاجی‌ ئیمان به‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ پله‌ به‌رزی‌ داعش له‌ وڵاتانی‌ سووریه‌، عێراق و لیبی ده‌ناسرا. ئێن بی سی ڕایگه‌یاندبوو كه‌ هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ ئامریكا له‌ سووریه‌ به‌ هێلی کۆپتیڕ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابوون كه‌ حاجی‌ ئیمان به‌ زیندوویی بگرن به‌ڵام بۆیان جێبه‌جێ نه‌بوو، و ناوبراو له‌گه‌ڵ ٣ كه‌سی دیكه‌ له‌ هێزه‌كانی‌ داعش له‌ لایه‌ن هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ ئامریكاوه‌ كوژران. شایانی باسه‌ ئامریكا له‌ ماوه‌ی‌ حه‌وتووی‌ ڕابردوودا عومه‌ر ئه‌لچیچانی‌، یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی‌ داعش له‌ سووریه‌ كوشتبوو.