کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژرانی نوێنەرێكی مەجلیسی توركیە لە شاری ئورفە

07:58 - 10 خاکەلێوه 2716

لە درێژەی توندوتیژییەكانی نێوان هێزە دەوڵەتییەكان‌و هێزەكانی پ ك كە نوێنەرێكی پارلمانی تورکیه‌ لە شاری ئورفە كوژرا. بە قسەی سەرچاوە ئەمنیەتییەكانی توركیە، ئەم نوێنەرەی پارلمانی تورکیه‌ ڕۆژی دووشەممە،٩ی خاكەلێوە كوژراوە. ئه‌وان ده‌ڵێن هێزە چەكدارەكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان بە ماشێنەوە ڕفاندوویانن‌و دوایه‌ش کوشتوویانن. بەم حاڵەش هەواڵدەریی ڕۆیتێرز دەڵێ شەڕ و پێكدادانە خوێناوییەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە باكووری كوردستان، كوژرانی نزیكەی ٣٠ كەس لە هێزەكانی ئەرتەشی توركیە‌و لایەنگرانی "پ ك ك "ی لێ كەوتۆتەوە. شه‌ڕو توندوتیژییەكان لەم باکووڕی کوردستان لە كاتی پێشێلكرانی ئاگربەسێكی دوو ساڵە لە پووشپه‌ڕی ساڵی ڕابردوو بەم لاوە چڕتر بۆوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیە حەوتووی ڕابردوو گوتی تا ئێستا ٣٠٠ كەس لە هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەم وڵاتە كوژراون. بە قسەی ئەردۆغان ڕێژەی كوژراوانی لایەنی بەرامبەریان ١٠ هێندەی كوژراوەكانی خۆیانە. پارتی دێمۆكراتیكی گەلانیش نایشارێته‌وه‌ كە لە مانگی دێسامبری ساڵی ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا بە سەدان كەس لە خه‌ڵکی مەدەنی لەو شه‌ڕو پێکدادانه‌دا كوژراون.