کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كاردانەوەی سکرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە تاقیكارییە مووشەكییەكانی ئێران

06:26 - 12 خاکەلێوه 2716

بان كی موون، سکرتیڕی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای ئاماژە بە تاقیكارییە مووشەكییەكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هەواڵنێراین ڕایگەیاند: ئێران پاش ڕێككەوتن لەگەڵ زلهێزە جیهانییەكان هات‌و مووشەكە بالیستیكەكانی تاقی کرده‌وه‌. بان کی مون ده‌ڵێ ڕاستییه‌که‌ی ئەوەیە كە ئەم مەسەلە بە جۆرێك نیگەرانی‌و ترسی بۆ كۆمەڵگای جیهانی خوڵقاندوە. بان كی موون لە درێژەی قسەكانی‌دا گوتی: بەڵام ئەوەی كە دەبێ چ جۆره‌ سزایه‌ک بۆ ئێران له‌بەرچاو بگیردرێ، یان لە بنەڕەت‌دا پێویستە چ هەوڵێك بدرێ، ئەوە ئیدی پێوەندی بە ئەندامانی شوورای ئەمنیەته‌وه‌ هەیە. ئامریكاو وڵاتانی ئورووپایش ڕۆژی سێشەممە لە نامەیەكی هاوبەش‌دا تاقیكردنەوەی مووشەكیی ئێران بە توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمییان مەحكوم كردو ئەم هەوڵەیان بە پێشێلكردنی بڕیارنامەی شوورای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زانی كە ساڵی ڕابردوو لە پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێككەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران په‌سه‌ندکرا. ئامریكا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە نامەیەك‌دا بۆ سەرۆكی شوورای ئەمنیەت‌و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تاقیكارییە مووشەكییەكانی ئێران كە توانای هەڵگرتنی چەكی ئەتۆمییان هەیە بە بڕیارێکی نه‌گونجاو وەسف كردو پێیان وابوو ئەم هەوڵەی كۆماری ئیسلامی بەدژی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شوورای ئەمنیەتە كە لە مانگی ژوئیەی ساڵی ڕابردوو په‌سند کرا. بەڵام ڕووسیە، ئەندامی هەمیشەیی شوورای ئەمنیەت كە مافی ڤێتۆكردنی هەیە، ڕاشكاوانە ڕایگەیاند كە پشتیوانی لە گەمارۆ نوێیەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدژی ئێران ناكا.