کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی سەناتۆرەكانی ئۆسترالیا له‌ هەوڵی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی پێوەندییه‌کانی لەگەڵ ئێران

06:27 - 12 خاکەلێوه 2716

دوو سێناتۆری سەر بە حیزبی دەسەڵاتداری ئوسترالیا لە پارڵمانی ئەم وڵاتە زۆر بە توندی ڕەخنەیان لە جێبه‌جێبوونی حوكمی قەساس له‌ ئێران گرت. ئەوان داوایان لە دەوڵەتی ئوسترالیا کرد كە چاوپۆشی لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ له‌ ئێران لە لایەن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ نەكا. داوای ئەو دوو سێناتۆری ئوسترالیا لە حاڵێك دایە كە دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە تەمایە پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران پەرە پێ‌بدا. جوولی بیشاپ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە لێدوانێك‌دا بۆ هەواڵنێرانی وڵاته‌که‌ی نگیەرانیی قووڵی خۆی لە بابەت سەپاندنی حوكمی قەساس بەسەر كوڕێكی لاو لە ئێران دەربڕی. پێشتر دوو سێناتۆری ئه‌و وڵاته‌ش لە پارلمان وێڕای ئاماژە بە هەوڵی دەوڵەتی ئوسترالیا بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ئێران زۆر بە توندی ڕەخنەی لەم حوكمە گرتبوو. جوول پیشاب پێداگری كردەوە كە ئوسترالیا بە بەردەوامی داوای باشتركردنی بارودۆخی مافەكانی مرۆڤی لە ئێران كردوه‌ و بە بەردەوامی سەرنجی لەسەر ئەم مەسەلە بووە‌و چ لە پێوەندییە دوولایەنەكان‌و چ لە ڕێگەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەدواداچوونی بۆ ئەم مەسەلە كردووە. "كوری بێرناردی" و "جێیمز پێتێرسۆن" دوو سێناتۆری حیزبی دەسەڵاتداری ئوسترالیاش ڕۆژی چوارشەممە لە قسەكانی خۆیان‌دا لە پارلمانی ئەم وڵاتە، نیگەرانیی خۆیان لە بابەت بارودۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕی. سێناتۆر بێرناردی ئەم پرسیارەی هێنایه‌ گۆڕێ كە ئایا له‌ وه‌ها دۆخێکدا ئوسترالیا دەبێ پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ئێران هەبێ یان نا؟