کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا: بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران مەترسیدارە

22:26 - 28 بەفرانبار 2717

جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا باسی لەوە کردووە، کە لەسەر مەترسییەکانی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران به وڵاتانی جیهان هۆشداریمان داوە.. ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، "سیگال مەندلێکر"، جێگری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، له دانیشتنی لەگەڵ ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری بانکی سێنا، ڕێژیمی ئێرانی وەکوو وڵاتێکی یاغی ناو بردووە، که به دوای تێکدانی سیستمی ئابووریی نێونەتەوەییە. سیگال مەندلێکر، لەو دانیشتنه ئاماژەی به چالاکییەکانی سپای پاسداران له سیستمی ئابووریی ئێران کردووە و باسی له پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران له گرووپە تێروریستییەکان له ئاستی جیهان و ناوچەکه کردووە و وتوویەتی: که به پاڵپشتی ماڵیی ئەو ڕێژیمە، گرووپەکانی حەماس، حیزبوڵڵا، ڕێژیمی بەشار ئەسەد و میلیشیا شێعەکان له بەحرین، عێراق، سووریە و یەمەن، چالاکی دەکەن. هەروەها باسی لەوە کردووه، که به هۆی نەبوونی ڕوونی له کاروباری سیستمی ئابووریی ڕێژیمی ئێران، هۆشداریمان چ لە نێو ئامریکا و چ له دەرەوەی ئامریکا، به شێرکەتەکان داوە، که به بازرگانی کردن لەگەڵ سپای پاسداران، لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو دەبنەوە. سیگال مەندلێکر، لەو دانیشتنەدا وتوویەتی: که ئێمە بۆ پاراستنی سیستمی ئابووریی جیهان و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، که به کردەوە تێروریستییەکانی دەیەوێت له ناوچەکه ناسەقامگیری دروست بکات و لە خەڵکی ئێران کەڵکئاژۆ وەردەگرێت، چالاکییەکانمان درێژە دەدەین و ئاماژەی به قسەکانی "ستیۆ منۆچین"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا کردووە، که وتوویەتی: ئامریکا لە بەرامبەر نادادپەروەری و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بێدەنگ نابێت.