ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە كاردانەوە بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر تووماج ساڵحی هونەرمەند و بەندکراوی سیاسی نووسیویەتی: هەواڵی سزای لەسێدارەدانی تووماج دڵی هەموو خەڵکی ئێرانی هەژاند، تووماج گەنجێکە کە بە پشتیوانیکردن لە نەتەوەکەی لە دڵی هەر یەکێک لە ئێمەدایە. تووماج لە سێدارە مەدەن؛ برینەکانی خەڵک تازە مەکەنەوە. تا ئێستاش خەڵکی ئێران و جیهان مەرگی ژینا و ژیناکانیان یان لەبیر نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە دایکی ژینا ئەمینی موژگان ئێفتخاری، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لە کاردانەوەیەکدا بەو سزایە نووسی؛ مەهێڵن دڵی دایکی تووماج وەک دڵی منی لێ بێت، بهێڵن تووماج هەناسە بدات تاکوو ، دایکانی نیشتمانەکەم لە هەناسەدان نەکەون. من هێشتا گەرمی هەناسەکانی ژینام، بهێڵن دایکی توماج هاوهەناسەی هەناسە زیندووەکانی ئەو بێت، دەتوانن ڕێگە بدەن !؟
ئەمیر ڕەئیسیان یەکێک لە پارێزەرەکانی تووماج ساڵحی لە وتووێژێک لەگەڵ "کاناڵی شەرق" ڕایگەیاند: "لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئێسفەهان، لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا، سزای دیوانی باڵای وڵاتی لەسەر دۆسیەی ساڵی ١٤٠١ی تووماج ساڵحی جێبەجێ نەکرد و بە "ئێرشاد" خوێندنەوەی ئەو سزایە و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی افساد فی الارض، قورسترین سزا واتە سزای سێدارەی بەسەر توماج ساڵحیدا سەپاند.
سەپاندنی ئەو سزایە کاردانەوەی بەرفراوانی لە ئێران و جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە ڕێکخراوە و کەسایەتییە سیاسی و مەدەنی و هونەرییەکان و هەروەها ڕێکخراو و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەن.