کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گردبوونەوەی ڕێکخراوی ژنانی دێموکرات ، بە مەبەستی مەحکووم‌کردنی مووشەک‌بارانی حیزبی دێموکرات، لە هەولێر

19:33 - 5 رەزبەر 2718

رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر خۆپێشاندانی ڕێکخراوە سینفییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حدکا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامان و ژنانی چالاک لە بەردەم نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لەو خۆپێشاندانەدا وێڕای مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و بەتایبەتی بە ئامانج کردنی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهید وبرینداربوونی پۆلێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادرو پیشمەرگەکانی ئەو حیزبە، کە لە نێوانیان‌دا دوو ژنە تێکۆشەری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی سوهەیلا قادری و نەسرین حەداد دەبیندرێت، داوایان کرد کە بە جیددی پێش لە سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بگیردرێت. لەو گربوونەوە‌دا سەرەتا "خاتوو تەوار قادری" چالاکی بواری ژنان بابەتێکی لەو پێوەندییە‌دا بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد. پاشان سکرتێری نوێ ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان خاتوو شلێر مەحموودی بە ئاماژەدان بە هێرشی هەوایی و مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات ڕایگەیاند؛ کە دەبێ ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە توندی مەحکووم بکرێ و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دەبێ پێش لەو دووپات بوونەوەی ئەو کارەساتە بگرن شلێر مەحموودی بە وەبیر هێنانەوەی شەهیدبوونی دوو سکرتێری یەک لە دوای یەکی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە رۆژی ١٧ی خەرمانان خوازیاری ئەوە بوو کە هەموو هەوڵە یاسایی و نێونەتەوەییەکان وەگەڕ بخرێت، بۆ ئیدانە کردنی سیاسەتەکانی دژە کورد و دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان. شیاوی باسە لە کۆتایی ئەو مانگرتنە، ئامادەبووان سەردانی باڵێوز خانەی ئامریکایان کرد لە شاری هەولێر و، بە دوو زمانی ئینگلیزی و کوردی روو بە بەرپرسانی ئامریکا داوکارییە سینفیەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد