کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی- تەشکیلاتی لە قەڵای دێموکرات

17:58 - 11 رەزبەر 2718

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە١١ی ڕەزبەر بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی سیاسی-تەشکیلاتی، تایبەت بە رووداوی ١٧ی خەرمانان، بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێز مستەفا مەلوودی پێک‌هات. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ڕاوەستان و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی، یاد وناوی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، بەتایبەتی نوێ‌ترین شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە هۆی هێرشی هەوایی و مووشەکبارانی بنکەی سەرەکیی حیزب، لە رۆژی ١٧ خەرمانان پەیوەست‌بوون بەکاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمانەوە ، بەرز ڕاگیرا. پاشان بەڕێز مستەفا مەولوودی باسێکی لە چەند تەوەری جیاجیا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاوردانەوەیەک لە رووداوی ١٧ی خەرمانان و، خستنەبەرباسی کۆمەڵێک خاڵی گرینگ و پێوەندی‌دار بە هێرش بۆسەر بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بارەوە هەڵسەنگاندنی بوو کرد. بەڕێزیان بە ئاماژەدان بە نوێترین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی و کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتی کوردستان لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ هێرش بۆسەر تێکۆشەرانی دێموکرات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە شتێکی تازە نیەو، کۆماری ئیسلامی نیزیک بە چل ساڵە لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵدەدا بەربەست لەسەر ڕێی تێکۆشەرانی دێموکرات سازبکا، بەڵام هەمووجارێک ئەگەر حیزبی دێموکرات خەساری قوورسی هاوشێوەی کارەساتی ١٧ی خەرمانانی لێکەوتووە، بەخۆشییەوە ڕووسوور و تێکۆشەرتر هەستاوەتەوە و، درێژەی بە خەباتی خۆی داوە. مستەفامەولوودی لە درێژەی قسەکانی‌دا بە باس کردن لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوخۆی ئێران و، قەیرانەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی و، ڕەفتاری نەشیاوی بەرپرسانی ئەو رێژیمە لە ناوچەکە، لەو پێوەندییە‌دا گوتی: سەرەڕای ئەو هەموو کێشەو گرفتە کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامی گرتووتەوە، دەبینین لە درێژەی دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچە ، ئەم‌جار ئاسمانی وڵاتێکی دیکە بەکار دەهێنێ ، بۆ خەسارگەیاندن بە جیابیران ودژبەرانی خۆی. لێکدانەوەی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەیە دەبێ پێش لەو سەرەرۆییانەی کۆماری ئیسلامی و، پێشێلکارییەکانی بگیردرێت. بۆیە پێویستە لە ئاستی نێونەتەوەیی، بە جیددی تر رووبەرووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە کە سەرچاوەی نائەمن‌کردنی ناوچەکەیە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرێز مستەفا مەولوودی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی‌دا بە خستنەڕووی کاردانەوەو رووداوەکانی دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان بەتایبەتی پشتیوانی و هاوخەمی‌کردنی خەڵکی کوردستان بەگشتی لە تێکۆشەرانی دێموکرات، لەو بارەوە گوتی: ڕاستە کارەساتی ١٧ی خەرمانان خەسارێکی گەورە بوو کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کەوت، بەڵام هاودەنگی حیزبەکان و پشتیوانی بێ‌وێنەی خەڵکی کوردستان حەماسەی ٢١ی خەرمانان، واتە مانگرتنی سەرانسەریی کوردستانی خۆڵقاند. بەڕێزیان بە وەبیرهێنانەوەی بەهاناوەهاتنی خەڵکی باشووری کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی دەڤەری کۆیە، لە یەکەم چرکەکانی رووداوی ١٧ی خەرمانان، وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی و حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بارەوە گوتی: ئەوەی کە خەڵکی باشووری کوردستان خەمی ئێمەیان بەهی خۆیان زانی ، جیا لە هاوسۆزیی نەتەوەیی بەشێکی بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە حیزبی دێموکرات لەماوەی خەباتی خۆی‌دا هیچ کات سیاسەتەکانی چووکە‌ترین زەربەوزیانی بەخەڵکی باشوور و بزووتنەوەی هیچ بەشێک لە بەشەکانی کوردستان نەگەیاندووەو، ئەوەش یەکێک لە سەرمایە بەنرخەکانی حیزبی دێموکراتە. سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕیزگرتن لە ورەو باوەڕی بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی کارەساتی قەڵای دێموکرات و هەروەها هیمەتی چیایی کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەخۆڕاگرییەوە لە خەبات وتێکۆشانی خۆیان بەردەوامن، کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا.