کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆمەڵە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

16:14 - 12 رەزبەر 2718

هەیئەتێکی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەو دانیشتنەدا کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە ئێران و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە بنکەی ڕێبەرییان لە باشووری کوردستانە، تاوتوێ کران. ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕەزبەر هەیئەتێکی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستیی سەید برایم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی د. ئاسۆ حەسەن‌زادەوە پێشوازییان لێ کرا. پرسی مووشەکبارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و کاریگەریی لەسەر هاوکێشەکانی دیکەی پێوەندیدار بە ئەمنییەتی حیزبەکان و مانگرتنە بەشکۆکەی٢١ی خەرمانانی ڕۆژهەڵات و لێکەوتەکانی دوو تەوەری سەرەکیی باسەکانی ئەم دیدارە بوون. دوو لایەن پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بەو دەستدرێژییەی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سنوورە قانوونی و ئەخلاقییەکان توانی زەبرێکی قورس لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بدا؛ بەڵام ئەو هێرشە نەک دەسکەوتی سیاسی و درێژخایەنی بۆ ڕێژیم نەبوو؛ بگرە زیانێکی زۆری کرد و مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان پیشانی دا کە کوردستان خاوەنی خۆی هەیە و ئەگەر لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئێران لە ئێستادا ئەلترناتیڤیکی جیددی بۆ ڕێژیم نەبێ؛ بەڵام لە کوردستان دیارە کە خەڵک کێیان دەوێ و بەدیل بۆ ڕێژیم چییە و کێیە. لە بڕگەکانی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارەدا وێڕای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی ئەم ڕووداوە باس لە کۆمەڵە ڕێکارێک کرا کە حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێ پێکەوە بیگرنە بەر.