کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە ژنان و، لاوانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

19:08 - 15 رەزبەر 2718

پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٤ی ڕەزبەر بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ژنان و لاوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی سیاسی _ تەشکیلاتی بۆ بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هات. دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادوبیرەوەریی شەهیدانی حیزب و، گەل، بەتایبەتی شەهیدانی قەڵای دێموکرات، کاک مستەفا مەولوودی قسەکانی خۆی بە ئاماژەپێدان بە نوێترین کردەوەی تیرۆریستی بۆسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان ، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، دەسپێکرد. بەڕێز مستەفا مەولوودی لە دەسپێکی قسەکانیدا ئازایەتی و خۆڕاگریی کادرو پێشمەرگەو بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی دوای هێرش کردن بۆ سەر قەڵای دێموکراتی کوردستان لە ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بەرزنرخاند، کە لە یەکەم چرکەساتی ئەو رووداوە بە هیمەتی و ئیرادەی پێشمەرگانەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاند. سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانی‌دا بە باسکردن لە ئامانج و مەبەستەکانی ڕێژیم لە هێرشی هەوایی بۆسەر ئەوحیزبە، لەو بارەوە گوتی: کۆماری ئیسلامی کەو بەوشێوە دێت و کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکاتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی، مەبەست لەو هێرشە ئەوەنیە کە حیزبی دێموکرات بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی لە کوردستان کردووبێت بە ئامانانج ، یان پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە زەربەیان لە بنکەکانی ڕیژیم گەیاند بێ، بەڵکوو مەبەستی سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، بۆ سیاسەت و گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخەڵکی خۆی دەگەڕێتەوە کە خەڵکی کوردستان بە باشی وەریانگرتووە و، لە نێو چین‌وتوێژەکانی خەڵکی کوردستان‌دا جێکەوتووە. بەڕێز مستەفامەولوودی هەر لەو پێوەندییە‌دا مانگرتنی سەرانسەریی ٢١ی خەرمانانی بە نموونەیەکی بەربڵاوبوو لە پشتیوانی کردنی خەڵک لە تێکۆشەرانی خۆیان لە قەڵەم‌دا و گوتی: تەنیا چوار رۆژ دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان، واتە رۆژی ٢١ی خەرمانان، ئەوە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە خەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە خەمی خۆیان زانی و، بە مانگرتن و نەهاتنەدەر لە ماڵەکانی خۆیان، ڕایگەیاند کە قەڵای دێموکرات لە قووڵایی خاکی کوردستان و، لە دڵی لایەنگرانی ئەو حیزبە دایە. بەڕیز مستەفا مەولوودی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشی کۆتایی قسەکانی‌دا، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی حیزب، لە دوای رووداوی ١٧ی خەرمانان بۆ ئامادەبووان باس کرد.