کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

18:07 - 19 رەزبەر 2718

شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەبارەی دۆخی ئێستای پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان و زەروورەتەکانی بەردەم هێز و لایەنە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. ڕۆژی پێنجشەممە، 19ی ڕەزبەر شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە سەرپەرستیی فاڕووق جەمیل، بەرپرسی نوێنەرایەتیی KNK لە باشووری کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە ئاماژە بە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و بەردەوامیی سیاسەتی دەستدرێژیکەرانە و دەستێوەردەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێویستیی یەکڕیزیی هەمەلایەنەی هێزە سیاسییەکانی بە بڕگەی هەرە گرینگی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم دانا. شاندی میوان پێی وابوو کە مانگرتنەکەی 21ی خەرمانان باشترین کاردانەوەی بە هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی و یەکبوونەوەی حیزبی دێموکرات و دواتر هاوپێوەندیی زیاتری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ باشترین وڵام بۆ سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ. دوولایەن لە درێژەی باسەکانی ئەم دیدارەدا لەسەر پرسی زەروورەتی چەترێکی گشتی کە بتوانێ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە چواربەشی کوردستان لە خۆیدا کۆبکاتەوە و گرێبەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی لێ بکەوێتەوە؛ ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و ڕەهەندی نەزەری و کردەییەکانی ئەو مژارەیان تاوتوێ کرد.