کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات دەگەڵ چلەی ماتەمینی شەهیدانی ١٧ی خەرماناندا، لە پەرلەمانی بریتانیا، گرووپی پارلەمانتارانی بریتانیایی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا

23:32 - 26 رەزبەر 2718

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ زایینی، بەمەبەستی دامەزراندنی گرووپی پارلەمانتارانی بریتانیایی بۆ رۆژهەڵات و باکور و رۆژئاوای کوردستان، لە پەرلەمانی بریتانیا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو. سەرەتای ئەم کۆبونەوەیە بە وتەیەکی بەڕێز "لۆید راسێل مۆیل" ئەندامی پارلەمانی بریتانیا دەستی پێ کرد و کورتەباسێکی لەسەر گرووپی پارلەمانتارانی پارلەمانی بریتانیا بۆ کاروباری باشوور کوردستان پێشکەش کرد و هەر لەو پیوەندییەدا دوو پێشنیاری خستە روو کە یا ئەو گرووپە گەورە بکرێتەوەو بەشەکانی تری کوردستانیش لەخۆ بگرێت، یا ئەوەی کە بەجیا و بۆ هەرکام لە رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان گرووپی تایبەت بە خۆیان هەبێت و گرووپێك بە رەزامەندی و بەپێی پسپۆڕیی پارلەمانتارانی بریتانیایی پێک بێ. دوای باس و راوێژ و لێکدانەوەی ئەو بابەتە،بەشدارانی کۆبوونەوە بڕیاریان دا کە بۆ هەر بەشەی کوردستان گرووپی تایبەت پێک بێ و هەنگاوی پێویستی بۆ هەڵگیرێ. ئەندامانی پارلەمانی بریتانیا کە بەشداری ئەو کۆبونەوەیە بوون، بریتی بوون لە بەڕێزان: ١- لۆید راسێل مۆیل ٢-خاتوو کەیتی ئۆسامەر ٣-کریس ویلیامسۆن ٤-ساندی مارتین ٥-کریس ستێفن ٦-لۆرد مۆریس گلاسمەن ٧- لۆرد هایلتۆن جێی ئاماژەیە کە چەندین ئەندام پارلەمانی دیکە ئامادەگییان دەربڕیوە بۆ ئەو کارەو لە کۆبوونەوەکەدا نێویان خۆیندرایەوە و بڕیارە لە کۆبونەوەکانی داهاتوودا لەگەڵ ئەندامانی تری پارلەمانی بریتانیاش وتووێژ بکرێت و بەپێی پسپۆری و شارەزایی خۆیان لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەسەر گرووپەکاندا دابەش بکرێن و دوای رەزامەندی و واژۆی ئەو پارلەمانتارانە لەلایەن پارلمانی بریتانیاوە، سێ گرووپی پارلەمانتاری بۆ هەرکام لە رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوا بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات. بەڵام پێشوەخت لەو کۆبوونەوەدا بەڕێزان "ساندی مارتین" بۆ گرووپی رۆژهەڵات و خاتوو "کەیتی ئۆسامەر" بۆ باکوور و "لۆید راسێل مۆیل" بۆ رۆژئاوای کوردستان وەک بەرپرس دیاری کران و بۆ دەسپێك، بە تێکڕای دەنگ بەڕێز کاک "ئیبراهیم دۆگوز" بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی بە سکرتێر هەڵبژێردرا. لەم کۆبوونەوەدا، جگە لە بەڕێز "مەولوود سوارە" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، نوێنەری بەشێك لە حیزب و لایەنەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش ئامادە بوون. شایانی باسە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەمێژ ساڵە لە هەوڵی ئەوەدایە کە هاوشێوەی گرووپی پەرلەمانتارانی بریتانیایی بۆ باشووری کوردستان، گرووپێکی ئەوتۆش بۆ بەشەکەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێ، لەو پەیوەندییەشدا، رۆژی پێنجشەممە ١٣ی سپتامبری ٢٠١٨ نوێنەر حیزب لە بریتانیا بەڕێز "مەولوود سوارە"، دانیشتنێکی دەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی بریتانیا بۆ باشووری کوردستان پێک هێنا و لەو کۆبوونەوەدا، پێداگری لەسەر دامەزراندنی گرووپێکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و هاوکات دەگەڵ ئاماژەدان بە هێرشی مووشەکیی ٨ی سپتامبری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهیدبوونی ١٤ کەس لە ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە و هاوکات برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس، نەبوونی گرووپی تایبەت بە رۆژهەڵاتی بە گرفتێکی گەورە لە قەڵەم دا و روونی کردەوە کە پێویستە دەنگ و رەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزراندنی گرووپێکی تایبەت لە پەرلەمانی بریتانیا و شوێنە پەیوەندیدارەکان، جێگە و پێگەی خۆی هەبێ و نادیدە نەگیرێ. هەر ئەو کات بڵێن درا کە دەگەڵ ئەوەیدا ئەو بابەتە لە بەرنامەی کارییاندایە، بەڵام هەنگاوی بەپەلەی بۆ باوێژن و بیخەنە بواری کردەییەوە.