کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی سەردانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی کرد

21:29 - 1 خەزەڵوەر 2718

پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە ٢٢/١٠/٢٠١٨ شاندێکی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی بە سەرپەرستی دکتور مووسا کەڤال سەرۆکی بزاڤ، سەردانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی پێنج حیزبی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری بە سەرپەرستی کاک محمد نەزیف قادری بەرپرسی دەورەیی ناوندەکە پێشوازیان لێکرا. سەرەتای دیدارەکە دکتور مووسا و ئەندامانی شاندی بزاڤ وێرای هاوخەمی و پەرۆشبوونی خۆیان بۆ ئەو شەهید و بریندارانەی کە بە هۆی مووشەکبارانی رێژیمی ئێرانەوە بوونە قوربانی دەربری، ئەوجا مەبەستی خۆیان لە سەردانەکە بۆ دوو بابەت گەراندەوە کە یەکەمیان پێدانی زانیاری لەسەر ناوەرۆک و ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی وەک دامەزراوەیەکی هزری و روناکبیری لەپێناو دابینکردن و بەهێزکردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی نێوان لایەنە سیاسیەکان وحەولدان بۆ یەکرێزی و ئاشتی لە نێو کۆمەلگای کوردستان خەبات دەکا و بۆ ئەو مەبەستەش دەیهەوێ بە دامەزراندنی پێوەندی و هاوکاری لەگەل ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران مەیدانی کارەکانی بەرفروانتر بکات. دووەم بابەت، پیرۆزباییان سەبارەت بە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بوو کە ئەم یەکیەتی و کاری هاوبەشی نێوان حیزبەکانی رۆژهەلاتی کوردستانیان، پێ نموونە و کارێکی گرینگ و جێگای بایەخ زانی و پێداگریان لەسەر پاراستن و بەرینتر کردنی ئەم ناوەندەیان کردەوە. لە لایەن کاک محمد نەزیف قادری و هەرکام لە ئەندامانی ناوەندی هاوکاریشەوە وێرای بەخێرهێنان و سوپاسی هاوسۆزی و هەلوێستی شاندی بزاڤی ئاشتی بۆ جوولانەوەی رۆژهەلاتی کوردستان، وێرای پێدانی کورتەیەک زانیاریان لەسەر ئامانج و بنەمای دامەزرانی ناوەندی هاوکاری کە لە پێناو خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەلاتی کوردستان و خۆئامادە کردنیان بۆ رووبەرووبوونەوەیان لەگەل هەر ئەگەر و گۆرانکاریەک کە لە داهاتوودا لە ناو ئێران بێتە ئاراوە، دامەزراوە و هەولی بەرینتر کردن و بەشداریپێکردنی سەرجەم ئەو لایەنە خەباتکار و دەروەستانەی رۆژهەلاتی کوردستانیش دەدەین کە بروایان بە ئامانجەکانی ئەم ناوەندە وەک داکۆکیکاری مافی نەتەوەیی و دێموکراسی و بەها مرۆڤییەکان و چارەنووسی گەلەکەمانیان لە رۆژهەلاتی کوردستان هەبێ، دەدەین. لە کۆتایی دیدارەکەدا دوو لایەن پێداگرییان لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوکاری دووقۆلی نێوانیان کردەوە.