کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەرپرسی بەشی پەویەندییە بیانییەکانی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئەندام پارلەمانێکی حیزبی سوسیال دیموکرات سوید

22:36 - 4 خەزەڵوەر 2718

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی، کاک ئارێز ڕەمەزانی ئەندامی کومیتەی گشتی و بەرپرسی پەیوەندییە بیانییەکانی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، دیدارێکی تایبەتی لە بینای پارلەمان، لەگەڵ بەڕیز " یووهان بووسێر" ئەندامی پارلەمان لە سەر لیستی سوسیال دیموکراتەکان ڕێکخست. سەرەتای دیدارەکە بە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی هاوڕێ ئارێز ڕەمەزانی لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشی موشەکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی و قەڵای دیموکرات، کە بووە هۆی شەهید و بریندار بوونی زیاتر لە ٤٠کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و کۆمەڵێکی بەرچاو خەڵکی سڤیل دەستی پێکرد. بەڕێز ئارێز ڕەمەزانی لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە دا ئاماژەی بە گرتن، ئەشکەنجە وئێعدامی لاوانی کورد، تێرۆری جیابیران لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و کوشتنی بێ بەزەییانەی کۆڵبەران لە لایەن داوودەزگا سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کرد. هاوکات باسێکی گرینگی سەبارەت بە هاوکاری و هاریکاری بێسنووری ئەو ڕژیمی بە گرووپ و تاقمە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهان و دەستوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت لە وڵاتانی عێراق، سوریە، لوبنان و یەمەن کرد. بەرپرسی پەیوەندییە بیانییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سوید داوای لە یووهان بووسێر و لە ڕێگەی ئەویشەوە داوای لە حیزبی سوسیال دیموکراتی سوید کرد کە کۆتایی بە مامەلەی بازرگانی لەگەڵ ڕژیمی سەرەڕۆ و تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی بێنن و لە زووترین کات دا هەموو ڕێکەوتنە ئابووری و بازگانییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئێران هەڵوەشێننەوە. لە کۆتایی ئەو دیدارە دا بەڕێز یووهان بووسێر، خۆشحاڵی خۆی لەو چاوپێکەوتنە دەربڕی و داوای کرد کە بە مەبەستی لێک تێگەشتنی زیاتر ئەو دیدارانە لە داهاتووش دا بەردەوام بن. هاوکات بەڵێنی دا کە کۆبەندی وتەکانی ئارێز ڕەمەزانی بگەیەنێتەوە بە ڕێبەری حیزبەکەی و ئەندامانی کۆتلەی سوسیال دیموکرات لە پارلەمانی ئەو وڵاتە. hdk-sosial-demokratekani-swid.jpg