کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان

23:28 - 5 خەزەڵوەر 2718

سەرلەبەیانی رۆژی شەمە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ کۆبونەوەی وەرزانەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان بە ساتێک بێدەنگی راوەستان بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدان، بەتایبەت شەهیدانی ١٧ی خەرمانان دەستی پێکرد. پاشان پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان راپۆرتێکی سەبارەت بە لاوان و یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرد و تێدا باسی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناو بەڕێوەبەریی لاوان کرد و وێڕای بەرز راگرتنی یادی شەهید پێشەوا عەزیزپوور ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان، بە تەقسیمی کار لەناو بەڕێوەبەرییدا، تێکۆشانی قۆناغی نوێ و پڕۆژەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوان راگەیەندران. سکرتێری یەکیەتیی لاوان لە باسەکەیدا وتی :" لەگەڵ ئەوەیکە ئێمە لەلایەن دڕندەترین دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قورسترین چەکی نیزامی هێرشمان کرایە سەر، بەڵام پشتیوانی خەڵکی کوردستان لە حیزب و رۆڵەکانی خۆیان وڵامێکی گورچوبڕ و بەهێزتر بوو لە مووشەک. هەروەها هیمەت و ئیرادەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە لەو قۆناغەدا بە ئیرادەیەکی قایم حیزبیان لەسەر پێ راگرت و تێکۆشانی حیزبیان پەرە پێدا جێگای رێز و تەقدیرە و پێویستە یەکیەتیی لاوان و کادر و ئەندامانی لاوان لەو قۆناغەدا زیاتر لە جاران لە مەیدان بن و بە تێکۆشانی هەمە لایەنە رێبازی شەهیدان درێژە پێ بدەن". لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان وێڕای هەڵسەنگاندنی خەبات و تێکۆشانی دوو وەرزی رابردوو، بەرنامە و پلانەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوانیان تاو و توێ کرد و کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەیان بۆ قۆناغی نوێ دران کە لە رۆژانی داهاتوودا دەخرێنە بواری جێبەجێ کردن. دوای تەواو بوونی کۆبونەوەکە بەڕێز مستەفا مەولودی سکرتێری گشتیی حیزب سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان بە سەرپەرەستیی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی رێکخراو پێشوازی لێ کرا. سەرەتای دانیشتنەکە پێشەوا عەلی پوور سکرتێری یەکیەتیی لاوان وێڕای بە گەرمی بەخێر هاتن کردنی بەڕێز مەولوودی باسی لە بڕیار و راسپاردە نوێیەکانی یەکیەتیی لاوان و هاوئاهەنگی ئۆرگانیکی نێوان لاوان و حیزب کرد و راپۆرتێکی سەبارەت بە تێکۆشانی رابردوو و بەرنامە و پلانەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوان لە بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی لاوان و سیاسەتەکانی حیزب لەو قۆناغەدا پێشکەش کرد. پاشان بەڕێز مستەفا مەولودی وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵ و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان لە قۆناغەجۆراوجۆرەکاندا و ئێستا بەتایبەتی، وتی کە :" لاوان هیوای ئێستا و دواڕۆژی نەتەوەکەمان و حیزبەکەمانن و حیزبی دێموکرات زۆربەی سەرکردەکانی لە یەکیەتیی لاوان پێگەیشتون ئێمە هەردەم پشتگیری تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان دەبین و پێویستە و چاوەڕوانیشمان هەیە لە داهاتووی تێکۆشانی حیزبی و کۆنگرەی داهاتووی حیزب دەوری بەرچاو بگێڕن" بەڕێز مەولوودی لە ئیدامەی قسەکانیدا وتی " بەخۆشیەوە میلەتی کورد میلەتێکی وەجاغ کوێر نییە و رۆڵەی ئازای لەدەست داوە بەڵام سەنگەری خەباتی رۆڵەکانی چۆل نەبوە و دڵنیام ئێوەی لاوانیش رێبازداری بەحەقی شەهیدان دەبن" لە کۆتاییدا بەڕێز مەولودی جارێکی تر پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەملای بۆ یەکیەتیی لاوان و تێکۆشانی رێکخراوەیی دوپات کردەوە و بەڕێوەبەری یەکیەتیی لاوانیش وێڕای دەستخۆشی لە سەردانی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب لە لاوان، سپاسی هەڵوێست و پشتیوانیەکانی بەڕێزیان کرد.