کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

14:33 - 6 خەزەڵوەر 2718

شاندێکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کرد و دوای دانیشتن لەگەڵ هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە باسەکانی پێوەندیدار بەو سەردانەیان دەبەنەوە کابینەی دەوڵەت و پاڕلمانی وڵاتەکەیان. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەر (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) شاندێکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید پێکهاتوو لە ئەڤین ئینجیر، جێگری بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید؛ سامی میشال، قسەکەری وەزارەتی وزەی سوید و سانا ئیلیاسۆن، بەرپرسی پڕۆژەکانی دەزگای ئۆلاف پالمە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و عێڕاق و کوردستان بەتایبەتی سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە بەسەرپەرستیی کاک مستەفا مەلوودی، سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دانیشتنەدا شاندی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید سەرەتا هاوخەمیی خۆی سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەربڕی. شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە و سنووربەزاندنەی کۆماری ئیسلامی، وێڕای سپاس لە هاوخەمیی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەڵوێست و کاردانەوەکان بەنیسبەت قەیرانخوڵقێنی و سیاسەتی تێرۆر و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ئاستێکی دیکەدا بن بۆ ئەوەی بەربەستێک لەبەردەم دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابندرێ. لەو دانیشتنەدا پرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سۆسیال دێموکراتەکانی سوید، پرسی کورد لە ئێران و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ماف و داواکانی کورد لەو وڵاتە، فاکتەری کورد لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەم دەرفەت و هەڕەشانەی لەم سۆنگەیەوە بۆ کورد درووست بوون، خرانە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید لەو دیدارەدا ڕایانگەیاند کە کۆبەندی هەموو باسەکانی دانیشتنەکە دەگەیەننەوە بەڕێوەبەریی حیزب و، پارلمانی وڵاتەکەیان و هەروەها لایەنە پێوەندیدارەکانی دیکە.