کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چلەماتەمینیی "جەلال جۆبار"دا

15:05 - 6 خەزەڵوەر 2718

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆڕیادی شاعیر و نووسەری کۆچکردووی شاری کۆیە، "جەلال جۆبار"دا بەشداریی کرد و پەیامی هاوخەمی و برووسکەی حیزبی دێموکرات بۆ ئەم کۆڕیادەی گەیاندە بەڕێوبەرانی ڕێوڕەسمەکە. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەر شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌‌زادە، کەسایەتی و سیمای ناسراوی جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، و هاوڕێیەتیی محەممەد شەهرەوان، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە کۆیە و عەلی بداغی، ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەشدارییان لە کۆڕیادی چلەی ماتەمینیی جەلال جۆبار، شاعیر و نووسەری کۆچکردووی شاری کۆیە کرد کە لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە بەڕێوە چوو. شاندی حیزب پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەم کۆڕیادەی گەیاندە دەستی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەبەشداریی سەدان کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیریی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو و کۆمەڵێک پەیام و وتار و بڕگەی ئەدەبیی لەخۆی گرتبوو، دیوانی "شنەی هەیبەت سوڵتان"، کۆی بەرهەم و نووسراوەکانی جەلال جۆبار بەسەر بەشداراندا دابەش کرا. جەلال سەعید عەبدوڵڵا، شاعیر، نووسەر و پێشمەرگەی شۆڕشەکانی کورد لە باشووری کوردستان ساڵی١٣٠٨ لەشاری کۆیە لەدایک بووە و یەکەم ڕۆژی پاییزی ئەمساڵ دوای ٩٠ ساڵ تەمەنی پڕ دەسکەوت و شانازی کۆچی دوایی کرد. جەلال جۆبار لە ژیانی نووسینیدا خاوەنی چەندین بەرهەمی شێعرییە، کە هەستی نیشتمانی و کوردایەتیی نێوەڕۆکی زۆربەی شیعرەکانی پێک دێنن.